بە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان لە یاریگای بەسڕەی نێودەوڵەتی، جامی کەنداوی 25 دەستپێدەکات، کە پاڵەوانێتییەکە تا 19ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
سبەینێ 6-1-2023 دوو یاری ئەنجام دەدرێت یاری دەستپێكی پاڵەوانێتیەكە كاتژمێر 06:45 خولەك لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بەرێوەدەچێت، یاری دووەمیش لە نێوان یەمەن و سعودیە كاتژمێر 09:30 دەبێت.
یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بە سەرپەرشتی خیسۆس کاساسی ڕاهێنەری ئیسپانی لە ئامادەکارییەکان بۆ جامەکە بەردەوامن، بەڵام ئەحمەد فەرحان بەهۆی پێکانەوە بەشداری ڕاهێنانەکانی چوارشەممەی نەکردووە.
پشکنینی پزیشکی بۆ ئەحمەد فەرحان ئەنجامدراوە و لە ئێستادا لە چاوەڕوانی ئەنجامی ڕاپۆرتی پشکنینەکەدان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی یاریزانەکە لە ڕیزی هەڵبژاردەکەیدا.
لەلایەکی ترەوە، ئیسماعیل حافی نوێنەری لیژنەی ناوبژیوانان لە یەکێتی تۆپی پێی جیهان، چوارشەممە دوایین نوێکردنەوەکان و گۆڕانکارییەکانی یاساکانی تۆپی پێی لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بۆ هەڵبژاردەکە ڕوونکردەوە و ڕاهێنەریش لە بارەی گرنگی زانیاریەکانی ناوبژیوانییەوە یاریزانەکانی ئاگادارکردووەتەوە.
عێراق 16 جار بەشداری لە جامی کەنداو کردووە و سێ جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە، ئەمە بێجگە لەوەی دوو جار پلەی دووەم و جارێکیش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.