ئەو باوکەی لە هەولێر کچەکەی خۆی کوشت خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو باوکەی کە کچە 14 ساڵانەکەی کوشت، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

پێش نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 06-01-2023، لە گەڕەکی موفتیی شاری هەولێر باوکێک کچێکی خۆی کوشت و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو کەسەی تاوانەکەی کردووە، ناوی (ب، ف، ع)ـە و تەمەنی 35 ساڵە، کچەکەیشی ناوی رەها -یە و تەمەنی 14 ساڵ بووە. گوتیشی، “پێش کوشتنی کچەکەی، بکوژ بە شێوەیەکی ‘دڕندانە’ ئەشکەنجەی کچەکەی داوە و دواتر کوشتوویەتی.”

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، دوای رووداوەکە هێزەکانیان هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار، بەڵام ئەمڕۆ شەممە “تۆمەتباری بکوژ” خۆی رادەستی هێزەکانیان کرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و رەوانەی دادگا کراوە بۆئەوەی سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.

پەیوەندیدار