بەربەستێکى دیکە بۆ ناردنى 400 ملیار دینارەکەی هەرێم دروست بوو

بڕیارێکی دیکەی وەزیری دارایی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی دارایی خەرجکردنی بودجە، بەربەستێکی دیکەی یاسایی لەبەردەم ناردنی ئەو 400 ملیار دینارە دروستکرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی دا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو وەزیرە ئامادە نەبوو بینێرێت، بەتاڵبوونی یەکێک لە پۆستەکانی پشکی کورد لە بەغدا دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەم ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەدەستداوە.

رۆژی 13ی کانوونی یەکەمی 2022 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری وەک بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان دەرکرد بۆ مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم، بەڵام تائێستا پارەکە نەنێردراوە بەهۆی ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی پارەکە بکات، بە پاساوی ئەوەی دژی یاسای بودجەی 2021 و یاسای ئیدارەدانی دارایی و بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراقە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە 27ی کانوونی دووەمی 2022، تەیف سامی، وەزیری دارایی بڕیارێکی دەرکردووە بۆ کۆتایی هاتنی ساڵی دارایی خەرجکردنی بودجە.

د فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: “ئەو بڕیارەی وەزیری دارایی بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی دارایی بەربەستێکی دیکەی یاسایی دەبێت لەبەردەم ناردنی 400 ملیار دینارەکە، بەوپێیەی کە خەرجکردنی پارەی ساڵی پێشووی راگرت و دەبێت بۆ ئەو پشکە چاوەڕێی پڕۆژەیاسای بوجەی گشتی 2023 بکرێت.”

تەیف سامی لە نووسراوێکدا کە لە 19ی کانوونی یەکەمی 2022 ئاڕاستەی ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە، هۆکارەکانی رەزامەندینەدانی لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە گەڕاندووەتەوە بۆ بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی و ماددەیەکی بودجەی 2021 و “وردنەبوون”ی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان.

ساڵی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق دووجار دوو گوژمەی 200 ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد کە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی 2021 بوو.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکرد کە رێگەیەکی دیکە هەبوو بۆ ناردنی ئەو 400 ملیار دینارەکە، کە واژوکردنێتی لەلایەن بریکاری وەزارەتی دارایی لەبری خودی وەزیرەکە، بەڵام ماوەی پێنج ساڵە ئەو پۆستە کە پشکی کوردە، بەتاڵە.

رۆژی 1ی شوباتی 2017 د. فازل نەبی لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی نەماوە، دواتر تەیف سامی ئەو پۆستەی بەڕێوەبرد، کە پشکی کوردە تاوەکو ئەوکاتەی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022، بووە وەزیری دارایی.

A: ZOZK

پەیوەندیدار