لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا بڵاوکرانەوە، لە بەغدا ١٠٠ دۆلار بە ١٥٦ هەزار دینار دەفرۆشرێت و لە هەولێریش ١٥٥ هەزار و ٧٥٠ دینارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان و عێراق جۆرێک لە جێگیرییان نیشاندا بەرداورد بە دوێنێ کاتەکانی داخستنی بازاڕ و لە نێوان ١٥٥ هەزار بۆ ١٥٦ هەزار دیناردا جێگیرە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نرخی دۆلار ماوەی مانگێکە ناجێگیرە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە دیووە، بەڵام لە رۆژی ٢٨ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو، جۆرێک لە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و چووە ١٥١ هەزار دینار، بەڵام جارێکی دیکە لەدوای ٣ی ئەم مانگەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردەوە.
دوای بەرزبوونەوەکەی، دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینی عێراقی لوتکەی نرخەکەی ١٦٠ هەزار دینار بوو بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلار، هەرچەندە بەشێک لە شارەزایانی دراو باسیان لەوە دەکرد پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکەن.
بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی بەردەوام لێدوانەکانیان بەو ئاڕاستەیەی کە کۆنترۆڵی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بکەن کە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر هاوڵاتیان و نرخەکەی بگێڕنەوە بۆ نرخی فەرمی خۆی کە ١٤٧ هەزار دینارە، بەڵام تا ئێستا بەو ئامانجە نەگەشتوون.
شارەزایانی دراو باس لەوەش دەکەن، سەرەڕای بەرزی یەدەگی دۆلاری عێراق کە بە گوێرەی دواین لێدوانی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ٩٩ ملیاری تێپەڕکردووە و بەم نزیکانە ١٠٠ ملیاریش تێپەڕ دەکات، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە و سەربەخۆنەبوونی دارایی عێراقەوە، نرخی دراوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە یاری پێ دەکرێت.