یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، بە هەواڵی لەسێدارەدانی دوو کەس لە ئێران “تاساوە”، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئێران دوو گەنجی بە تۆمەتی کوشتنی سەربازێک لەسێدارەدا کە یەکێکیان هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
بەرەبەیانی رۆژی یەکەشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2023، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “یەکێتیی ئەوروپا بە لەسێدارەدانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی تاساوە کە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.”
جۆزێپ بۆرێڵ گوتیشی، ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بۆ سەر خۆپێشاندانی سڤیل. ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتیی ئەوروپا “جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکاتەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە پراکتیزەکردنی بە تووندی سەرکۆنەکراوی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بهێنن.”
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، رووداوەکە بە “قێزەون” ناودەبات و داوا لە ئێران دەکات: “گوێ لە خواستە رەواکانی هاووڵاتییانی بگرێت.”
لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ئەوەی روویدا “بڕیارمان بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تاران لە لایەنی یەکێتیی ئەوروپا بەهێزتر دەکات”.
هاوکات، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداش رایگەیاند، باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکەن و نیگەرانیی وڵاتەکەیانی پێ رادەگەیێنن.
رۆژی 03-11-2022 لە رۆژی چلەی ماتەمینیی هاووڵاتییەک بە ناوی حەدیس نەجەفی کە لە خۆپێشاندانەکاندا گیانی لەدەستدابوو، لە شاری کەرەج خۆپێشاندان کرا و بەسیجێک کوژرا و پێنج کەس تۆمەتبار کران.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2023، محەممەد مەهدی کەرەمی کە خەڵکی شاری بیجاری رۆژهەڵاتی کوردستانە و سەیید محەممەد حوسێنی خەڵکی کەرەج و کەسێکی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، لە دواین یەکتربینیی لەگەڵ باوکی، محەممەد کەرەمی گوتبووی “باوکە من ئەو کارەم نەکردووە” داواشی کردبوو کە لەسێدارە درا، هەواڵەکە بە دایکی نەڵێن.
ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقز لە 16-09-2022 دەستیانپێکرد، ژینا لە 13ی ئەیلوول لە لایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ باوکی ژینا دەڵێت، کچەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
A: ZOZK