لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، ٥٠ سەربازی ئۆكراینی و ٥٠ سەربازی رووسی ئازادكران.
سەرۆكی نووسینگەی سەرۆكایەتی دەوڵەتی ئۆكرانیی، ئاندرێ یەرماك لە پەیامێكیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رایگەیاند ٥٠ سەربازی ئۆكرانی لە ئەنجامی گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆكرانیا ئازادكراون.
یەرماك، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە دوایین دیل گۆڕینەوە نابێت و وتی: ئەركمان، گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییەكانمانە و ئەمە جێبەجێ دەكەین.
هاوكات بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو كراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو كە ٥٠ سەربازی رووسی لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ لایەنی ئۆكراینی ئازادكراون.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەش روونكراوەتەوە كە سەربازەكان بە فڕۆكەی وەزارەتەكە گەیەندراونەتە مۆسكۆی پایتەخت و چارەسەری پزیشكی و دەروونییان پێشكەش كراوە.
دوایین گۆڕینەوەی دیل لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا لە ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرابوو.
ئێستانیوز: بێستون لەتیف