سزای نەبەستنی پێوەری ئاو کەمکرایەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو‌ و ئاوەڕۆ لە ‏هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كرێی ‏مانگانەی نەبەستنی پێوەری ئاو لە 80 هەزار دینارەوە بۆ 45 هەزار دینار ‏کەمدەکرێتەوە‌، بەڵام ئەوەی پێوەری نەبەستبێت بۆ ساڵەكانی ‏‏2021‌ و 2022 بۆ هەر مانگێك 80 هەزار دینارەکە دەبێت بدات.

رۆژی سێشەممە 10-01-2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو‌ و ئاوەڕۆ لە ‏هەرێمی ‏كوردستان رايگەیاند، بڕیاردراوە ئەوەی تائێستا ‏پێوەری ئاوی نەبەستووە مانگانە لە جیاتی 80 هەزار دینار تەنیا ‏‏45 هەزار دیناری لێوەردەگرێت.

ئاری ئەحمەد رەتیکردەوە لە کرێی پێشووی ئاو خۆش بن یان کەمی بکەنەوە و گوتی: “‏ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە‌ و قەرزداری كرێی ئاوی ساڵەكانی 2021‌ و ‏‏2022ن مانگانە 80 هەزار دیناریان لێوەدەگیرێ‌، چونكە ئەو كاتە ‏بڕیارەكە بەو جۆرە بوو.”

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو‌ و ئاوەڕۆ لە ‏هەرێمی كوردستان ئاشکرایکرد، تادێت قەرزی ئاو زیاد دەبێت، ئێستا ‏‏400 ملیار دیناریان لەلای خەڵک و فەرمانگەکانە.

بە گوتەی ئاری ئەحمەد، 80%ی هاوبەشەكان پێوەری ئاویان بەستووە، ئەوانەشی پێوەریان ‏نەبەستووە “بە زۆری لە هەڵەبجە‌، ئیدارەكانی گەرمیان ‌و راپەڕینن.”

بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو‌ و ئاوەڕۆ لە ‏هەرێمی ‏كوردستان، یەک ملیۆن و ‏‏56 هەزار هاوبەشی ئاوی هەن. 

A: ZOZK

پەیوەندیدار