بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، تائێستا بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو فەرمانبەرانە نەبڕدراوە کە مووچەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاترە، بڕیارە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو بڕە پارەیە بۆ دوو ملیۆن دینار زیاد بکات، واتا هەر کەسێک مووچەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت ئەو کات بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت.
لە مانگی ئایاری 2022، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا بەشەخۆراکی مانگانەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە ببرێت کە مووچەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاترە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.
رۆژی سێشەممە 10-1-2023، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند: “لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە ئەو یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە بکرێتە دوو ملیۆن، واتا هەر فەرمانبەرێک مووچەی دوو ملیۆن زیاتر بێت، نابێت بەشەخۆراکی مانگانە وەربگرێت.”
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتیشی: “پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بڕیارە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق بنێرێت و دواتر ئەوان بە نووسراوی فەرمی لە بڕیارە نوێیەکە ئاگادارمان دەکەنەوە، تاوەکو ئێستاش بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق نەنێردراوە.”
پێشتر بڕیار درابوو هەر کەسێک مووچەی مانگانەی لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاتر بێت، بەشە خۆراکەکەی ببڕدرێت. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی: “هەندێک کارمان لەسەر کرد تاوەکو مانگی 12ی ساڵی رابردووش ناوی نزیکەی هەزار و 125 کەسمان لە بەشەخۆراکی مانگانەی هەولێر دەرکرد، بەڵام ئەگەر بەغدا بڕیارە نوێیەکەی بۆ ناردین ناوی سەرجەم ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە لیستی بەشەخۆراکی مانگانە.”
لەبارەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری پێشتری وەزارەتی بازرگانیی عێراق. سیامەند قادر گوتی: “دوای ئەو بارودۆخە ئابوورییەی بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هات بڕیارەکە راگیرا و جێبەجێنەکرا، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیە بکاتە دوو ملیۆن ئەوەش بە گوتەی خۆیان بەهۆی ئەوەیە کە پارەی عێراق هەندێک بێ بەها بووە و نرخی شتومەک بەتایبەت خۆراک لەسەر ئاستی جیهان گران بووە، بۆ لەبەرچاوگرتنی باری ئابووری هاووڵاتییان بۆ دوو ملیۆن دینار زیادکرا.”
A – zozk