ئەو کەسانەی کیتۆ پەیڕەو دەکەن، رێژەی کاربۆهیدرات و شەکر کەمدەکەنەوە و زیاتر بایەخ بە خواردنی چەوری تەندروست و پرۆتین دەدەن، مێتابۆلیزم لەبری کاربۆهیدرات چەوری بۆ وزە بەکاردەهێنێت، كەسانێكی زۆر ئەم بەرنامەی كێش دابەزاندنە پەیڕەو دەكەن، بەڵام ئەمە بۆ هەمو كەسێك گونجاو نییە.
دكتۆر بینایی كامەران، پسپۆری خۆراك لەوبارەیەوە چەند ڕێنماییەكی خستەڕو و رایگەیاند، “دەستپێکردن و وازهێنان لێی دەبێت لەژێر چاودێریا بێت نەک چاولێکەری بێت، بەتایبەتی له وڵاتی ئێمه دەبێت زۆر ئاگاداربین كه زۆر لە چەوریەکان زەیت یان رونی روەكین و یانیش ئاژەڵی جۆری باش نین جۆری خراپن، پرۆتینەكانیش گۆشت بن یان مریشك و هێلکە یا ماسی بەخێوكردنیان هەموکات تەندروست نیه و رەنگە بەهەڵە زۆر خواردنیان ببێتە هۆی نەخوشی جیاواز لەهەندێك کەسدا”،
ئاماژەی بەوەشكرد، “دەبێت ئاگاداربین کە هیچ دراساتێكی دورنیه لەسەر ئەم جۆرە رێجیمە، چونکە نوێیە، دەبێت رەچاوی نەخۆشیەکان بکرێت، کیتۆ رەنگە بۆ دوکەسی جیاواز وەک یەک باش نەبێت، واتە بۆ نمونە بۆکەسێک نەزۆکە یان کیسی هێلکەدانی هەبێت پرۆگرامەکە جیاوازە وەک لە کەسێک تەنها قەڵەوە، وە قەڵەوێک 10 کیلۆی زیاد بێت بەرنامەی کیتۆکەی جیاوازە لە کەسێک 30 کیلۆی زیادە، واتە پروگرامەکە بۆ هەر کەسە بەپێی تەمەن و کێش و تەندروستی و بونی دەرمان دەبێت جیاواز بێت”.
وتیشی، بۆ ئەوەی سودی باشی لێوەرگرێت، نابێت کەسێک بناسیت بیکات و دابەزیبێت تۆش وەک ئەو بکەیت، رەنگە بۆ تۆ باش نەبێت بەو شێوازە، دەبێت لەگەڵ ژیان و باری دارایی (جگە لە تەمەن و کێش و رەگەز و بونی نەخۆشی) ئیش و کاری کەسەکە و کاتی دا بگونجێت بۆ ئەوەی سودمەندبێت”.
ئەو پسپۆڕە رێنمایی ئەوەشی كرد ئەگەر رێگایەكی تەندروستی هەڵببژێردرێت دەكرێت وەكو چارەسەریش بێت بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و هەروەها بۆئەوەی پاش كەمكردنەوەی كێشی دوبارە زیاد نەكاتەوە.
A: zozk