نوێل لو گرێ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و فیلیک دیالۆی جێگری بەشێوەیەکی کاتی پۆستەکە وەردەگرێت.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کارەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێکدا هێرشیکردە سەر زینەدین زیدان و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوورخستەوەی لو گرێ لە کاتێکدایە کە لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی مەشقی هەڵبژاردەی بەرازیل لەلایەن زینەدین زیدانەوە گوتی “من گرنگی پێنادەم، دەتوانێت بچێتە هەر شوێنێک کە بیەوێت، چ تیپێک بێت یان هەڵبژاردەیەکی نیشتمانی، چونکە زۆر گرنگی بە هەر شتێک نادەم کە پەیوەندی بە زیدانەوە هەبێت”.
کاتێکیش لێیانپرسی ئایا پەیوەندیت پێوەکردووە یان نا؟ لوگرێ لە وەڵامدا گوتی “بەدڵنیاییەوە پەیوەندیم بە زیدانەوە نەکردووە، تەنانەت بە تەلەفۆنیش قسەمان لەگەڵ یەکدی نەکردووە”.
ئەم قسانەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، وەزیری وەرزشی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ و یانەی ریال مەدرید بەشێوەی جیاواز ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو قسانەی لو گرێ پێشاندا، هەرچەند لو گرێ داوای لێبوردنیشی کرد، بەڵام کارەکە بەدوورخستنەوەی ئەو کۆتاییهات.
A- zozk