میدیای رووسیا رایدەگەیەنێت، شاری سۆلێدار لە هەرێمی دەنێتسک کەوتە دەست هێزەکانی وڵاتەکەیان کە “بە ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگ و رێگەی گەیاندنی هاوکاری بە هێزەکانی ئۆکرانیا دادەنرا.”
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی یەکی رووسیا، دێنیس پوشیلین، سەرۆکی هەرێمی دەنێتسک ئاشکرایکردووە، هێزەکانی رووسیا ناوەندی شاری سۆلێداریان لە هەرێمی دەنێتسک کۆنترۆڵکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەندی سۆلیدار لەژێر کۆنترۆڵی یەکەی ڤاگنەردایە و لەهەموو لایەکەوە گەمارۆیان داوە و دوێنێ بەیانیش گوندی (باخموتسک) کە دەکەوێتە دەوروبەری سۆلێدار لە باکووری خۆرهەڵاتی ئاڕتیمۆڤسک “ئازادکراوە.”
ڤاگنەر، یەکەیەکی سەربازیی سەربەخۆی رووسییە و بەگرێبەست شەڕ بۆ حکومەتی رووسیا دەکەن.
دێنیس پوشیلین ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئۆکرانیا زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام بەردەوامن لە بەرەنگاری.
هەروەها، “هێشتا پاڵنەری شەڕکردن لای هێزەکانی رووسیا بەرزترە و لەئەنجامدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.’
میدیای رووسیا باس لەوە دەکات، ئەم شارە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەیە، تۆڕێک لە ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن پێیدا تێدەپەڕێت، کە لە رێگەیەوە هاوکاری و پشتیوانی سەربازی بۆ هێزە ئۆکرانییەکان لە دۆنباسدا دابین دەکرد.
ئێستانیوز : بــێســتـــون لـــەتـــیـــف