هیومان رایتس وۆچ: حکومەتی هەرێم یاسا ناڕونەکانی بۆ بەئامانجکردنی رەخنەگران بەکارهێناوە

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام لە ساڵی 2022دا بەردەوام بوە لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و یاسای ناڕونی بۆ سزادانی رەخنەگرانی بەکارهێناوە.

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ئەمڕۆ راپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2022ـی لەبارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان بڵاوکردەوە و تیایدا جەخت دەکاتەوە لەوەی ساڵی رابردوش هاوشێوەی ساڵانی پێشتر مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا لەژێر هەڕەشەی هەمەلایەندا بوە، پەیوەست بە هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، حکومەتی هەرێم لەو ساڵەدا بەردەوام بوە “لە هەڕەشەکردن لەسەر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.”

پێشتر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، حکومەتی کوردستان پلانی  خۆی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) پەسەندکردوە، لەئێستاشدا ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن گشت مافێکیان هەیە لەوانەش زانینی هۆکاری دەستگیرکردن، تۆمەتەکان، ئاگادار کردنەوەی کەسوکاری و بونی پارێزەر.

بەڵام هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، “سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ، حکومەتی هەرێم ژمارەیەک یاسا کە ناوەڕۆکەکەیان ڕون نییە، لەدژی رەخنەگرانی بەکاریهێناون کە بۆچون و رای خۆیان بەرامبەر حکومەت خستوەتەڕو، هەروەها لە ئابی ساڵی رابردودا بەهۆی داواکردنی خۆپیشاندانێکەوە، حکومەتی هەرێم دەیان رۆژنامەنوس و چالاکوانی دەستگیرکرد”.

پەیوەندیدار