هەڵمەتێك بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی راگەیەنرا

هەردو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم کۆبونەوە و رایانگەیاند، هەڵمەتێک بۆ پاڵپشتی لە سامانی کشتوکاڵی ناوخۆ رادەگەیەنن و بۆ ئەو مەبەستەش رێنمایی و بڕیاری نوێ تایبەت بە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی، ساغکردنەوە و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەردەکەن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبونەوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەیاوەری بریکار و ڕاوێژکار و تیمی نوسینگە سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و ستافێکی باڵای وەزارەتەکە کۆبونەوە، لەو دیدارەدا لە نزیکەوە تاوتوێ هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چەند پرسێکی هاوبەشی کارکردنیانکرد، لەوانەش گفتوگۆکردن دەربارەی یاسای کۆمپانیاکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت و رێکارەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی کۆمپانیای هاوبەشی نێوان حکومەت و هەر کۆمپانیایەکی ناوخۆیی یان وڵاتانی تر لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بەو بابەتە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، هەروەها تاوتوێی هەماهەنگی و پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەی بەروبومەکان و دیراسەکردن و خستنەروی کێشە و گرفت و ئاستەنگ و ڕۆتینەکانی بەردەم پرۆسەی بەبازاڕکردن، هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران، خاوەن پڕۆژە و یەکەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی هاوبەشی نێوان هەردولا کرا،  بە مەبەستی دەرچواندنی ڕێنمایی پێویست بۆ ساغکردنەوە و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەو هەنگاوەی وەزارەت لەچوارچێوەی بەرنامەی هەڵمەتێکی نیشتیمانی و سەرتاسەرییە بە لەبەرچاوگرتنی دابینکردنی پێویستی هاوڵاتیان و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی لە سامانی کشتوکاڵی ناوخۆی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

پەیوەندیدار