جامی سوپەری ئیسپانیا؛ بەرشەلۆنە و ریال مەدرید یاری كۆتایی ئەنجام دەدەن

کلاسیکۆی ئیسپانیا، لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە سعودیە بەڕێوەدەچێت، کاتێک ئەمشەو هەردوو یانە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا دەکەن.

کاتژمێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، چاوەکان لەسەر یاریگەی شا فەهد دەبن، لە ریازی پایتەختی سعودیە بۆ ئەوەی یارییەکی دیکەی کلاسیکۆ، لەنێوان هەردوو جەمسەرە مێژووییەکەی ئیسپانیا، ریال مەدرید و بارسێلۆنا ببینن.

هەردوو یانە بە زیاتر لە 120 خولەک یارییکردن و بردنەوەی یارییەکانیان لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، ریال مەدرید لە ڤالێنسیا و بارساش لە ریال بێتیسی بردووەتەوە.

رۆژی شەممە بلاوگرانا و لۆس بلانکۆس دوایین مەشقەکانیان لەسەر یاریگەی مەشقەکانی یانەی نەسڕ ئەنجامدا، پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتی و چاڤی هێرناندێز بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.

بارسێلۆنا خاوەنی زۆرترین نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیایە و 13 جار بووەتە پاڵەوان، بەڵام لە 2018ـەوە ئەم نازناوەی نەبردووەتەوە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری تیپەکەش لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی دوای زیاتر لە ساڵێک کارکردن وەک راهێنەری یانەکە، یەکەم نازناو لە کاروانی راهێنەرایەتی خۆیدا لەگەڵ یانەکە بباتەوە.

هەرچی ریال مەدریدە، خاوەنی 12 نازناوە و لەبەردەم هەلی ئەوەدایە بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک نازناوەکە بباتەوە و ژمارەی نازناوەکانیشی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە یەکسانبکاتەوە.

لە جامی سوپەری ئیسپانیادا کە بەپێی رێککەوتنێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە لەگەڵ سعودیە، چەند ساڵێک لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، تیپە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە هەریەکەیان بڕە پارەیەک بەهۆی بەشداریکردنیانەوە وەردەگرن، بۆ رکابەرییەکانی ئەمساڵ، هەریەکە لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید یەکە و 2.8 ملیۆن یۆرۆیان بۆ بەشداریکردن وەرگرتووە، ڤالێنسیا 1.7 ملیۆن یۆرۆی بۆ بەشداریکردنی لە جامی سوپەردا پێدراوە و یانەی ریال بێتیس 750 هەزار یۆرۆی پێدراوە.

ئەو تیپەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەباتەوە 2 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک خەڵاتی دارایی وەردەگرێت، بەمەش هەرکامێکیان ئەمشەو ببنە پاڵەوان کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی دەگاتە 4.8 ملیۆن یۆرۆ، خاوەنی پلەی دووەمیش 1 ملیۆن یۆرۆی دیکەی پێدەدرێت.

یاریگەی شا فەهد لە یاریگە گەورە و سەرنجڕاکێشەکانی سعودیە و ئاسیایە، 68 هەزار و 752 کەس دەتوانن لە یاریگەکەدا سەیری یاری بکەن، بۆ یاریی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید سەرجەم بلیتەکان فرۆشراون و چاوەڕواندەکرێت یاریگەکە پڕببێت لە هاندەر.

ئەوەی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەیە کە لە ساڵی 2010ـەوە کارلۆ ئەنچێلۆتی هیچ یارییەکی کۆتایی نەدۆڕاندووە، لە 10 یاریی کۆتاییدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و بووەتە پاڵەوان.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی بارسێلۆنا
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ریال مەدرید

پەیوەندیدار