لە شاری هەولێر بەردی بناغەی پرۆژەی دروستكردنی شەقامێكی 100 مەتری دانرا، كە دەكەوێتە نێوان گەڕەكی 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك.
لەو بارەیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەكاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، خۆشحاڵن ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گرنگ لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی 4ی هەولێر دادەنێن، كە شەقامی 100 مەترییە.
باسی لەوەش كرد، ئەو شەقامە قۆناغی یەكەمی 2 كیلۆمەترە، لە شەقامی سەرەكی كەسنەزانەوە دەستپێدەكات و بە گوژمەی یەك ملیار و 74 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی 175 رۆژدا تەواو دەبێت، بە تەواوبوونی ئەو شەقامە دانیشتووانی گەڕەكی 5ی حەسارۆك سودی لێوەردەگرن، لە هەمانكاتدا قەرەباڵغی رێگای كۆڕنیش كەمدەكاتەوە.
بە وتەی پارێزگاری هەولێر، شەقامەكە 100 مەترییە و دووسایدە، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا سایدێك دروست دەكرێت، لە داهاتودا قۆناغی دووەمیش دەستپێدەكات.