سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیەکانیان لەگەڵ یەکێتی، مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە وا رێککەوتبووین کە کۆتایی بە دوو ئیدارەیی بهێنن و شوێنەوارەکانی بسڕنەوە و بڕیارەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت، بەڵام بەداخەوە لە هەندێک شوێن “رێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیيانمان گەیاندووە.”

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكدا راشیگه‌یاند، ماوەیەکە لەلایەن دامودەزگاکانی یەکێتییه‌وه‌، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، واباس دەکرێت کە “ئابڵوقە لە سەر سنوری سلێمانی هەیە”، هەمو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتوە، “بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و موچەی کارمەندانی پێدراوە”، ده‌شڵێت، “داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنورییەکانە، ڕێگە نەدراوە لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەرین ڕێک بخرێتەوە”.

گوتیشی، “نابێت لە هیچ بەشێکی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاری حیزبی یان تاکەکەسی، ڕێگە لە جێبەجێکردنی کار و بەرنامەی حکومەت بگرێت، من بە یەکسانی، سەیری سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکەم و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەمو هاوڵاتیانی هەرێم لە هەمو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بەڵام بەداخەوە، ڕێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە، کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانمان گەیاندوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “نزیکەی دو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین هەیە، بەدواداچونی ئەم کێشەیەمان کردوە و لێژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ، بۆ بەدواداچونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا، بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنورانە، بۆیە هەر ئەو کەس و لایەنانە بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاوڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومەت دەگات”.

مەسرور بارزانی ده‌ڵێت، “ماوەیەکە لەلایەن دامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، واباس دەکرێت کە ئابڵوقە لە سەر سنوری سلێمانی هەیە، هەمو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتوە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و موچەی کارمەندانی پێدراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بوە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بوە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەرین ڕێک بخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بوە”.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتوه‌، “کێشە داراییەکان و بابەتی کۆکردنەوەی داهات، نزیکەی دو ساڵە هەیە و دەیان کۆبونەوە لە سەر ئەم بابەتە کراون و بەرچاوڕونیی باش هەبوە بۆ چارەسەری، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنوریەکان، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی ڕێگر بو و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ ڕو دەدات، بۆیە لەمکاتەدا، زەقکردنەوەی ئەم بابەتە، تەنیا بۆ ئەوە بوە تیشک نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، هێمای ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بونە و ناکرێت لە ناوخۆی هەرێم، کەسانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن”.

په‌یوه‌ست به‌ چاكسازییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، مه‌سرور بارزانی نوسیویه‌تی، “پێویستە کۆسپ بۆ پڕۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەکرێت، لەم کابینەیەدا، بە کردەوە هەنگاومان بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە کیانی دەستوریی هەرێم و دورخستنەوەی هەڕەشەکان، دور لە ئەجێندای حیزبی و تاکەکەسی”.

له‌باره‌ی په‌كخستنی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت، “پێویستە هەرچی زوتر، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن، تاکو بە کردەوە، هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێم، ئامادەین هەمو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، لە زوترین کاتدا دابین بکەین”.

پەیوەندیدار