رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی توند ئاراستەی سوید و فینلەندا دەکات و دەڵێت تاکو 130 داواکراو رادەست نەکەن رێگەنادەن ببنە ئەندامی ناتۆ.
ئەردۆغان رایگەیاند، بینەری خۆپیشاندانی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون لە شەقامەکانی سوید، ھەرچەندە پێشتر لەوبارەیەوە ھۆشداریان دابوو، بەداخەوە سوید ئەو خۆپیشاندانانەی رانەگرتووە، ھۆشداریشدا، ئەگەر سوید ئەو جۆرە کارانە رانەگرێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا ئاڵۆز دەبێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، سوید داواکارییەکی وڵاتەکەی بۆ رادەستکردنی 130 داواکراو جێبەجێنەکردووە، تاکو رەزامەندی پیشانبدەن لەسەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ھاوپەیمانی ناتۆ.
تورکیا بۆ رازیبوون لەسەر بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا چەند مەرجێکی ھەیە یەکێک لە مەرجەکانیش رادەستکردنی ئەو کەسانەیە کەلەلایەن تورکیاوە داواکراون، لە ماوەی رابردووشدا سوید 3 کەسی رادەستی تورکیا کردەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، ھەندێک لە داواکارییەکانی تورکیا مایەی قبوڵکردن نین و ناتوانن جێبەجێیان بکەن.