وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی گەیاندە راوێژکاری ئەو وڵاتە، ئۆلاف شۆلتز.ئەمڕۆ دووشەممە 16-01-2023کریستینا لامبرێخت بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA)ی رایگەیاند: “بڕیاری جێهێشتنی پۆستەکەی داوە و ئەمەی گەیاندووەتە راوێژکاری ئەڵمانیا، شۆلتز”.ئهوهشی خستهڕوو”چەند مانگێکە سەرنجی مێدیاکان خراوەتە سەرم کە ئەمەش رێگە بە ئەنجامدانی گفتوگۆی بابەتییانە نادات لەبارەی سەربازان و هێزە چەکدارەکان و بڕیارەکان سەبارەت بە سیاسەتی ئەمنیی کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی ئەڵمانیادایە.
پێویستە چالاکییەکانی سەربازان و ئەو کەسانەی لە سوپادان، بخرێتە پێشینە، هەر بۆیە بڕیارم دا دەست لەکار بکێشمەوە”.وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کە سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کردووە کە ئەم دەرفەتەیان پێبەخشی و پشتگیریان لێکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.کریستینا لامبرێخت لە ماوەی ئەرکەکەیدا بە رەفتارە نائاساییەکانی ناوی دەرکردبوو و لەلایەن رای گشتییەوە رەخنەی لێ دەگیرا.
کریستینا لامبرێخت کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا بوو بە وەزیری بەرگری لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بەوە دابوو کە ناوی پلە و پۆستەکانی ناو سوپا نازانێت و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا بەرلە دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا رایگەیاندبوو کە پێنج هەزار کڵاوی سەربازیی دەنێرێت بۆ ئۆکراینا کە ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
هەروەها دوای ئەوەی لە میانی سەردانێکیدا بۆ لای سەربازانی وڵاتەکەی وێنەی کوڕەکەی لەناو هێلیکۆپتەردا بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە رەخنەی زۆری لێگیرا . لامبرێخت دوای چەند مانگێک دانی بەوەدانا کە خۆی ئەو وێنەیەی گرتووە کە باسی لێوە دەکرێت.ناوبراو دواجار کە پەیامی سەری ساڵی نوێی لەنێو یارییە ئاگرینەکاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە، رەخنەی توندی لێ گیرا و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان لێکردبوو دەست لەکار بکێشێتەوە.




