مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، وادەی ھێرشی زەمینیی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات، دەشڵێت، شاری کۆبانێ ئامانجی یەکەمی تورکیایە.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تورکیا مانگی داھاتوو ھێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان، چونکە تورکیا بەرەو ھەڵبژاردن دەڕوات و ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی جەماوەریی بەدەستبھێنێت، وتیشی، شاری کۆبانێ ئامانجی سەرەکی ھێرشەکەی تورکیا دەبێت، چونکە ئەو شارە ھێمای کوردە لە ھەموو جیھان.
فەرماندەکەی ھەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی کورد نە لە سوریا و نە لە تورکیا و نە لە ھیچ شوێنێکی تر، بە رێگەی سەربازیی چارەسەر ناکرێت و مێژوویش ئەوەی سەلماندووە، بەڵکو کێشەی کورد بە دانوستانی ئاشتییانە و راستگۆیانە چارەسەر دەکرێت.
مەزڵوم کۆبانێ لەبارەی ھەڵوێستی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو وڵاتە ھەڵوێستی روونی ھەبووە بۆ دژایەتی ھێرشی سەربازیی تورکیا لە سوریا، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە ھەڕەشەکانی لە دژی رۆژئاوای کوردستان، ھەربۆیە ھەوڵەکانی ئەمریکا بەس نیین و پێویستە کاری زیاتر بکات.
bestun