ئەحمەد ئاڵتان، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک، ساڵی 1950لە باژاڕی “ئەنقەرە”ی وڵاتی تورکیا لەدایک بووە. کوڕی نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا “چەتین ئاڵتان”و برای نووسەر و مامۆستای ناوداری زانستگەی ئەستەنبووڵ” محەممەد ئاڵتان”ە. ئەحمەد ئاڵتان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی”تەرەف”ە. هەروەها بە ڕۆماننووسێکی ناوئاشنای تورکیش دادەنرێت کە بەرهەمەکانی بەردەوام بەرەو ڕووی پێشوازییەکی بەرفرەوان دەبنەوە. چەندان جار دەخرێتەوە زیندانەوە ،خاوەنی چەندین ڕۆمان و بەرهەمی ڕەخنەییە. ئەحمەد ئاڵتان لە گەلێک ڕۆژنامەی وەک حوڕییەت، میللییەت و ڕادیکاڵ دا کاری کردووە.
ئەحمەد ئاڵتان،ئەم نامەیەی لە زیندادا نوسووە،دوای بەسەربردنی ١١٣٨ رۆژ لە زینداندا، ئازاد دەکرێت، بەڵام ناوەڕۆکە دانپێدانانە مرۆڤدۆستی و ویژدانییەکەی بۆ ئاڵتان وەک تورکێکی شەریف هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
نامەی نوسەری تورک، ئەحمەد ئاڵتان، لە زیندانەوە :
برا و خۆشکەکانم، کوردەکان، من تورکێکم، من لەسەر دین، کلتور و دابونەریتی ئەم وڵاتە گەورە بووم، لە ئامێزی ئەم خاکەدا لە دایک بووم، لە خاکی ئەنادوڵ و میزۆپۆتامیادا گەورە بووم، بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت، بەرهەمەکانی جیهان، وەک بەرهەمی فەرەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزیم بۆ سەر زمانەکەم وەرگەڕاند.
من نوسەرێکم کە بەرهەمەکانم لە لایەن ڕۆشنبیر، کەسایەتی، مافپەروەر، سیاسەتمەدار و نوسەران و گروپە جیاوازەکانەوە دەخوێندرێتەوە.
ئەردۆگان منی دەستگیرکردووە. منی زیندانی کردووە. سزای هەتا هەتایی بەسەر مندا سەپاندووە. بە خەیاڵمدا نایەت. تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ نەترساوم. گەر بزانم دەشمرم، لە ئەردۆگان ناترسم. ئەردۆگان… دیکتاتۆرێک خاوەنی چی بێت، ئەویش خاوەنی هەر هەمان شتە. خاوەنی مێشکێکی هەژارە. بە پارە و ترساندنەوە، هەموو لێبوکەکانی دەوروبەری کڕیوە. بە ئەردۆگان ناوێرم، بەڵام.. ئەردۆگان ناتوانێت بۆچوون و هزری من بکڕێت. لە تورکیادا دوو پیاو و ژنێک هەن، کە مێشکیان بە پارە ناکڕدرێت. یەکەمیان، سەلاحەدین دەمیرتاش دووەم، من سێیەمیش، فیگەن یوکسەکداغە. بەزەییم بە ئەردۆگاندا دێت. خاوەن مێشکێکی هەژار و دیکتاتۆرێکی سەرکوتکەرە. وادەزانێت من لە ژوورەوە بەند بکات. دەمترسێنێت!
وادەزانێت دەتوانێت بێدەنگم بکات. مێژووی جیهان یادی کەسانی وەک ویلیام شکسپیر بە بەرهەمەکانیانەوە دەکاتەوە. ئەگەر پرسیاری ئەوە بکرێت، لە سەردەمی ویلیام شکسپیر کێ پاشا بوو؟، ڕەنگە کەس بیری نەمابێت. ڕۆژێک دێت کەس نازانێت ئەردۆگان کێ بووە و کەس نایناسێت. مرۆڤەکان چۆن یادی شکسپیرەکان دەکەنەوە، ئاوا یادی منیش دەکەنەوە. بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر، لە قادی کۆی، چووم بۆ دوکانێکی بەرگ دوورین. دانیشتم، ویستم ژمارەیەک پانتۆڵ بە دوورین بدەم. بەرگدروکە درێژی منی دەپێوا. لەو کاتەدا سێ گەنج هاتنە ژوورەوە. دانەیەکیان خەڵکی ڕیزە، دانەیەک خەڵکی ئامەد و دانەیەکیان خەڵکی دەرسیم بوو.
تەمەنیان لەنێوان پازدە بۆ شازدە ساڵ دەبوو. ئەوان لە سێ شاری جیاوازدا، لە دایک ببوون. لە هەمان یانەی وەرزشیدا یارییان دەکرد. بەرگ درووکە بەدەم وەرگرتنی درێژی من، بەسەر پێوە قسەی لەگەڵ گەنجەکاندا دەکرد. کاتێک ئیشی بە من تەواو بوو، بە گەنجەکانی وت، فەرموون چیتان دەوێت. گەنجەکان داوای جلێکی وەک ئینتەر میلانی ئیتاڵییان کرد، بۆ خولی تۆپی پێ. داوای ڕەنگی زەرد و سوور و سەوزیان کرد. بەرگ درووکە بەسەریاندا هاواری کرد وتی، بۆ ئێوە تیرۆریستن. وتی، زوو ون بن، ئەگینا پۆلیس بانگ دەکەم. منداڵەکان ڕۆیشتن و بەرگ درووکەش جوێنی بە دایکیان دا. من شەرمم کرد. نەمدەزانی سەیری کوێ بکەم.
کەچی ئەو شەرمی نەکرد، سەیری منی کرد و وتی، ئەحمەد بەگ تۆخوا هەقم نییە؟ وتم هەقی چی؟ باسی چی دەکەی؟ وتی ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد لە وڵاتەکەمان قەدەغەیە. وتم بۆچی؟ وتی ئەمانە ڕەنگی کوردن. ئەو ڕەنگانە نیشانەی جوداخوازین. مشتومڕم لەگەڵی نەکرد. بە جوانی وتم: جارێکی دی، نایەمەوە بۆ لات. چوومە دەرەوە و جارێکی دی نەچوومەوە بۆ ئەوێ. بەڵام ڕەفتاری ئەو بەرگ درووەم لەگەڵ ئەو گەنجانە لەبیرنەچووە. من تورکم، بەڵام ئەو ڕۆژە، تورک بوون بوو بە شەرمێک بۆ من. کوردەکان لە ترسی ئەوەی، بە تیرۆریست دانەندرێن. لە ترسی ئەوەی وەک خائین لە قەڵەم نەدرێن دەڵێن، من خەڵکی وانم.
من خەڵکی سیڤەرەک، خەڵکی بینگۆلم، خەڵکی قاڕسم. من لە دوورەوە هاتووم خەڵکی هەکاریم، من خەڵکی مێردینم. دەڵێن من خەڵکی ئورفام. ناوێرن بڵێن من کوردم. دەلێن من دیاربەکریم. باسی کورد بوونی خۆیان ناکەن. لەگەڵ ئەوەش کە کوردن. بەڵام لە تورکیا برای کوردم هەن. من خاوەنی دۆستی گیان بە گیانی کوردم. برای کوردی موسوڵمانم هەیە. لەم وڵاتەدا دۆستی کوردی شۆڕشگێڕ و چەپم هەیە. ئێمە برای کوردمان هەیە، کە لە هەمان مزگەوتدا، بەیەکەوە نوێژ دەکەین. لە هەمان شوێندا خۆپیشاندان دەکەین. لەیەک شوێندا کار دەکەین. بەیەکەوە ئارەق دەخۆینەوە. بەیەکەوە زەماوەند دەکەین و هەڵدەپەڕین. بەیەکەوە چا دەخۆینەوە و باسی ئەوملا ئەولا دەکەین. ئایا دەزانین هەشتا لە سەدی کورد، لایەنگری هەدەپەن؟ ئەوانەی کە ئێوە هەموو کاتێک بە بێ شەرمی دەلێن کوردە پەکەکەیی و تیرۆرسیتەکان لە کاتێکدا کە تیرۆریست نین، بەڵام چەکیان هەڵگرتووە. وەک تورکێک دژیان دەوەستنەوە.
هەر تەنیا لەبەرئەوەی، کوردن، کردەوەی نەژادپەرستی لە دژیان دەکەن. ئەوان کوردی هەدەپەیین. ئەوان برای ئێمەن. ئەوان ئەو برایەی ئێمەن، کە بە کلتوری خۆیان ئەم وڵاتە دەوڵەمەند دەکەن. بە گۆرانیەکانیان دڵخۆشمان دەکەن. بە خواردنەکانیان تێرمان دەکەن. بە زمانەکەیان، لە زەماوەندەکانماندا گۆرانی دەڵێن. لە شەوە خۆشەکاندا دڵخۆشی دەهێننە مالەکانمان. ئەوان برای بەم شێوەیەی ئێمەن. من وەک تورکێک. بەهۆی ئەو زوڵمەی، کە لە کوردەکانی دەکەین، شەرم لەخۆم دەکەم، کە تورکم. لە دەرسیم، لە سەرەتای دروست کردنی کۆماری تورکیا، ئەوان ڕەت دەکرێنەوە. هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردەکانمان دا. گاڵتەمان بە دابونەریتیان کرد. گاڵتەمان بە شێوەی ئەوان کرد. لە زیندانی دیاربەکر ئەوانمان ئەشکەنجەدا. گوندەکانی ئەوانمان بوردومان کرد. موسا عەنتەرەکانیان، وەدات ئایدنەکانیان و موراد بولدانەکانیانتان کوشت. یەلماز گونای و ئەحمەد کایاتان لە وڵات وەدەرنا.
حەفتا و پێنج ساڵ ناوی کوردیتان لە منداڵی کورد قەدەغە کرد. گوێ گرتن لە موزیکی کوردیتان تا ساڵی دوو هەزار، قەدەغە کرد. بە دەیان کەس، کە قاتیلەکانیان دەوڵەتە، وەک ئەوەی قاتیل نادیار بن، کوژران. لە ڕوبۆسکی بە فڕۆکەی F16،سی و پێنج کوردتان کوشت. نوێنەری خەڵکتان دەستگیرکرد. لەبری وان، قەیومتان لە شارەوانیەکانیان دانا. دەمیرتاش و یوکسەکداغی سەرۆکی سیاسیتان زیندانی کرد. ئەو کوردانە برای ئێمەن.