كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا پێویستە پەرلەمان كۆمسیۆن كارابكاتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەمواركردنەوەی بۆ ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەی 6 مانگدا ئامادەكارییەكان بكەن و هەڵبژاردن بكرێت.
لەمبارەیەوە كاروان جەلال بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، ئەگەر پەرلەمان دەست بە چارەسەركردنی پرسەكان بكات كە پێویستن بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردنەكان، دەتوانن لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
وتویەتیشی:یەكەم كار كە پێویستە پەرلەمان ئەنجامی بدات، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییە و دووەمیش هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستیان بە 6 مانگە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژ كردووەتەوە، بۆیە گرنگە لەو ماوەیەدا ئەو دوو هەنگاوە بنێت.




