سیاسەتمەدارێكی كورد جەختی لەوەكردۆتەوە، كە تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان بەغداو هەولێر نەكراوە لەسەر بودجەو كێشە كەڵەكە بووەكانی تر.
(د. مەحمود عوسمان) لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق (نینا)، وتی: سەرەڕای ئیجابی بوونی سەفەرەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ بەغدا، بەڵام هێشتا هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان هەولێرو بەغدا نەكراوە.
وتیشی: كوردەكان بەپێی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق داوای بەشە بودجەی (%14) لە بەغدا دەكەن و هەروەها خوازیاری چارەسەری كێشەی مادەی (140) ی یاسای بنەڕەتی عێراق و پەسەند كردنی یاسای نەوت و گازو دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەن.
مەحمود عوسمان بە ئاماژە بەوەی كە لە شاندنی كورد بۆ بەغدا هیچ ئەندامێكی یەكێتی نیشتیمانی نەبووە وتی: ئەمە نیشانەی بوونی ناكۆكی ڕاستەقینەو قووڵ لە نێوان یەكێتی و پارتییە.
وتیشی، ئەگەرچی سودانی خوازیاری چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدایە، بەڵام دۆزینەوەی رێگا چارەی گشتگیرو هەمە لایەنە بۆ ئەم كێشانە دژوارە.