ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەڵێت بەھێزکردنی گیانی یەکگرتوویی و پێکەوەییان ئاسانتر گەلی کورد بە مافەکانی خۆی دەگات
سبەینێ ٧٧ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مھابادی رۆژھەڵاتی کوردستان، بەو بۆنەیەوە، ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵات راگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ٢ی ڕێبەندان دەکەنەوە زیاتر لە ٤ مانگە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” کە چەخماخەکەی لە کوردستان لێ درا و سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە و حزبەکانی ڕۆژھەڵات زیاتر لەھەر کاتێک ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاری و ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکتر دەربڕیوە.
راشیگەیاندوە، لە دوای ٧٧ ساڵ لە دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردی ئێستا کوردستان جارێکی دیکە و زۆر جەماوەرییتر و بەرینتر لە سەردەمی کۆمار ھاتۆتە مەیدان و بۆ مافە ڕەواکانی خۆی خەبات دەکات. ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵات لەو بڕوایەدایە بە بەھێزکردنی گیانی یەکگرتوویی و پێکەوەیی و بەھێزکردن و خێراتر کردنی پرۆسەی ھاوکاری و پرۆژە و پلانی ھاوبەشی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، ئاسانتر گەلی کورد بە مافەکانی خۆی دەگات ، ئەوەش ھەمان ئەو ئامانجانەن کە کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی کورتی خۆیدا کاری بۆ کرد.