روكه‌شی و وێرانی

1

له‌به‌رده‌م روكه‌شی و هه‌ڕاجبازاڕیه‌كی گه‌وره‌داین ، دۆخی گه‌مژاندن و قریووقاژی فریوده‌رانه‌و هه‌له‌ق و مه‌له‌قی جێ‌ به‌ سه‌نگینی و بیركردنه‌وه‌ چۆڵده‌كات و دوای هه‌ڵاو درۆو ده‌له‌سه‌ كه‌وتن خه‌ریكه‌ هه‌موو ریسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ خوری ، كێ‌ ئه‌م كه‌شه‌ی خوڵقاند و بۆ ، ئه‌وه‌ پێویستی به‌ رامان و بیركردنه‌وه‌ی قوڵه‌ ،ئاخر ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یی نه‌بێت چیه‌ ئێستا له‌ تیف هه‌ڵمه‌تی شاعیر له‌ شاره‌كه‌ی خۆی ، له‌ كه‌ركوك یان كفری هه‌ركامیان كۆڕێك بكات 100 كه‌س ئاماده‌ نابێت ، كه‌چی بۆ گوێگرتن له‌ شتێ‌ كه‌ ناوی شیعری لێنراوه‌ و هی كه‌سێك كه‌ پێناچێ‌ بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی قوڵیش بێت ده‌بێته‌ رۆژی كوشتنه‌كه‌ی خه‌سره‌و ، جا رۆژی كوشتنه‌كه‌ی خه‌سره‌و یان رۆمه‌ڵ غه‌زا، یان هه‌ر بۆنه‌یه‌كی تر پێویستی به‌ به‌دواداچوونه‌ ، له‌ نهێنیه‌كه‌ ناگه‌م له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌م دوایانه‌دا به‌تیراژی 100دانه‌ كتێبه‌كۆنه‌كانی چاپده‌كاته‌وه‌ ، كابرای ناو نه‌هاتوش ته‌نها له‌ پێشه‌نگایه‌كدا دوو هه‌زار له‌ كتێبه‌ عاجباتیه‌كه‌ی ده‌فرۆشرێت.

دنیاكه‌ تژیه‌ له‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ ، یادی به‌ خێر باقی عه‌بدولخالق جارێكیان له‌ وه‌ڵامی مندا بۆ هه‌ڵنان و جیاوازی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی كۆچكردوو، پێی وتم وه‌ك ئه‌و شیعر بنووسم ئه‌مشه‌و چوار دیوان ده‌نووسم ، جا بۆیه‌ قوڕ به‌سه‌ر شیعرو هونه‌رو گۆرانی و ئه‌ده‌ب و ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌و نیمانه‌ ، ئاخر گه‌لۆ ئێستا له‌ بری حه‌مه‌ جه‌زا خدربێگڵاسیمان هه‌یه‌ كه‌خیشی ده‌فه‌رموێ‌ ” وه‌عزه‌كه‌ شڕه‌”.

2
عومه‌ر چاوشین مرد ، چی درابویه‌و چی هه‌بوو ناكاته‌ ئه‌وه‌ی سوكایه‌تی پێبكرێت ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندێكی نه‌گبه‌ت و به‌له‌نگاز بوو،
پرسه‌كه‌شی چۆڵ بوو ، وه‌ك چۆن پرسه‌ی زۆرێك به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ڕوات ، كاتی خۆی ئه‌وی به‌درشاكر سه‌یابیش هه‌روه‌سا بووه‌ ، هی جه‌لیل قه‌یسیش كه‌ خۆم له‌وێ‌ بووم باشتر نه‌بوو ، خه‌ڵك گله‌ی له‌و دۆخه‌ ده‌كات ، نه‌ك ئه‌وه‌ی عومه‌ر چیان پێداوه‌و چی لێكردووه‌، ئێ‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر چاوشین وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك رێزی لێنرابێت خۆ دنیا ئاخر نه‌بووه‌ ، به‌ڵام نادادیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گۆڤارو عومه‌ر به‌و جۆره‌ ده‌مرن و هونه‌رمه‌ندیش هه‌یه‌ 11 هه‌زار مه‌تر زه‌وی له‌ چه‌قی هه‌ولێر ده‌درێتێ‌ و ئه‌مه‌ یه‌ك و دوانیش نین ، جا من به‌ دواداگه‌ڕانم بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كرد چوار گۆرانی ماقوڵیم نه‌دۆزیه‌وه‌ تا بڵێم ” عافیه‌ت ئۆڵ ” ئێ‌ دیاره‌ بازاڕه‌كه‌ ” بازاڕی ده‌هره‌ “.

‌لەتیف فاتیح فەرەج

پەیوەندیدار