سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایدەگەیەنێت؛ بەرگەگرتنی سیستمی سیاسی ئێستای عێراق بەندە بە ئاڵنگاری و ئەو ئاستەنگانەی لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە روبەڕوی بوەوە، سودانیش دەڵێت: کارمان کردوە بۆ ئەوەی بەهای دۆالر جێگیر بێت.
ئەمڕۆ شەممە 20مین ساڵیادی تیرۆرکردنی ئایەتواڵ محەمەد باقر حەکیم، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق بو، بۆ ئەو مەبەستە لە بەغداد مەراسیمێک بەڕێوەچو.
لە مەراسیمەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و چەندین بەرپرس و کەسایەتی دیکە بەشدارییان تێداکرد.
عەمار حەکیم، سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هیچ حکومەتێک ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکا ئەگەر پشتیوانی سیاسی و پەرلەمانی کاریگەریی نەبێت.
وتیشی:”هیچ دەسەاڵتێکی یاسادانان ناتوانێت چاودێری و ئەرکی خۆی ئەنجام بدات ئەگەر بێت و لەگەڵ حکومەت هەماهەنگی نەبێت، هەمومان لە یەک کەشتیداین، بۆیە ئەگەر یەکگرتوو نەبین لە روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان، ناتوانین سیستمێکی سیاسیی دوور مەودا بنیادبنێین و روبەڕوی زەمینلەرزەی بەهێزتر دەبینەوە بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو.
هاوکات محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی وتەکانی لە مەراسیمەکە باسی لە دۆخی ئابوری عێراق کرد و وتی:پاڵپشتی لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوو بگەڕێنێتەوە.
سودانی لە رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم لە بەغدا باسی لە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەردۆلارى کرد و وتی “کارمان کردوە بۆئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیر بێت.”
دوپاتیشیکردەوە کە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی بانکی ناوەندیی عێراق بۆئەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕ بگەڕێنێتەوە.
محەممەد باقر حەکیم لە ساڵی 1939 لەدایکبو و لە 29ی ئابی ساڵی 2003 گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی لە مەزارگەی ئیمامی عەلی لە نەجەف چوە دەرەوە و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقیەوە. لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا 84 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و 15 پاسەوانی محەممەد باقر حەکیم لەنێو تیرۆرکراوەکاندا بوون.
لە 30ی ئەیلولی 2003دا بەرپرسانی عێراق 4 کەسیان بە تۆمەتی هەبونی رۆڵ لە تەقینەوەکە دەستگیرکرد و بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقیش رایانگەیاند،ئەبو موسعەب زەرقاوی پلانداڕێژەری تەقینەوەکە بوە.