یۆڤانتۆس سزای کەمکردنەوەی 15 خاڵ درا و چەند بەرپرسێکی پێشووی ئەو یانەیەش راگیران

دادگای فیدڕاڵی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویانکردەوە کە سزای یانەی یۆڤانتۆسیان داوە بە کەمکردنەوەی 15 خاڵ لەم وەرزەی خولی ئیتاڵیدا.

دادگا رایگەیاندوە، لەسەر داوای داواکاری گشتی ئەو بڕیارەیان داوە چونکە دوای لێکۆڵینەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا دەرکەوتوە ئەو یانەیە گەندەڵی دارایی کردووە بە شێوەیەک کە دەستکاری نرخی یاریزانانیان کردووە و بەشێک لە مووچەی یاریزانەکانیان لە بودجەی گشتیدا تۆمار نەکردووە.

هەروەک دادگا بڕیاریدا بە سزادانی چەند بەرپرسێکی پێشووی ئەو یانەیە کە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، بەشێوەیەک کە هەریەکە لە فابیۆ پاراتچی بەڕێوەبەری گشتی ئێستای یانەی تۆنهام و پێشووی یۆڤانتۆس بە راگرتنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ.

هەروەها ئەندریا ئانێلی سەرۆکی پێشووی یانە ئیتاڵیەکە و ئاریڤابینی بەڕێوەبەری وەرزشی بە راگرتن بۆ ماوەی دوو ساڵ راگیراون و پاڤێل نێدڤدی جێگری سەرۆکی پێشووی یۆڤانتۆس بۆ ماوەی هەش مانگ سڕ کراوە.

دواتر یانەی یۆڤانتۆس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای کردووە کە پێداچونەوە بە سزاکەدا بکرێت و چاوەڕێی هۆکاری سزاکە دەکەن و دواتر لە دادگای ئۆلۆمپی تانەی فەرمی دەدەن.

یۆڤانتۆس لە ئێستادا خاوەنی 37 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدایە بەڵام دوای ئەو سزایە ژمارەی خاڵەکانی بۆ 22 خاڵ کەمکراوەتەوە و دابەزی بۆ پلەی دەیەم.

پەیوەندیدار