سودانی:بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕێککەوتنی نێوان دامەزاروە داراییەکان و بانکی ناوەندیی بووە

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی، بڕیاری حکوومەت نەبووە، بەڵکو بەڕێککەوتنی نێوان دامەزاروە داراییەکان و بانکی ناوەندیی بووە

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی راگەیاندنی ھەڵمەتی ئامادەکردنی سەبەتەی خۆراکی تایبەت بەو کەسانەی کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە و ژمارەیان پێنچ ملیون و ١٠٠ ھەزار کەسە، ئاماژەی بەوەدا کە کاری لەپێشینەیان رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی ھەژارییە، بۆ ئەو مەبەستەیش زنجیرەیەک رێوشوێنیان گرتووەتەبەر و گوتی: “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری باشترکردنی ماددە خۆراکییەکان بۆ ئەو خێزانە داوە کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دەیانگرێتەوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، کە حکوومەتەکانی پێشوو، بیریان لە بڕیاری ئەنجامدانی چاکسازیی لە فۆرمی خۆراکدا کردبوویەوە، بەڵام حکوومەتی ئێستا ئەو کارەی ئەنجامداوە، ئەوەیش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی و نرخی خۆراکەکان لە بازاڕەکاندا.

محەمەد شیاع سوودانی وتیشی، کەسانێک رەوشی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقییان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستووەتەوە کە ئەوە بڕیاری حکوومەت نەبووە، بەڵکو بەرێککەوتنی نێوان دامەزاروە داراییەکان و بانکی ناوەندیی بووە و گوتی: “ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکەکان، پرسێکی کاتییە و کار دەکەین لە پێناو پاراستنی سامانی گشتیی، ھەروەھا رێگا نادەین دۆلار بە قاچاغ ببرێتەوە دەرەوە”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌روو، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە بانکی ناوەندیی و بانکی بازرگانیی ئەنجامی داون، دەبنە مایەی دابەزینی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی و گوتی: “رەوشی دارایی عێراق لە باشترین لە ئاستدایە”.

پەیوەندیدار