بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، سەرەتا کاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەبێت و لە ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەوە کاریگەری شەپۆلەکە بەھێزدەبێت و بارانبارین تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت، ھەروەھا پلەکانی گەرما دادەبەزن و رۆژی چوارشەممە کۆتایی بە کاریگەری ئەو شەپۆلە دێت.
ھاوکات ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو شەپۆلی سەرما و بایەی چەند رۆژێکە سلێمانی گرتووەتەوە لە درەنگانی شەودا کۆتایی دێت.
وتیشی، رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ لە سلێمانی ٢٠٩.٥ ملم بووە، ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە ٢٥١ ملم بارانباری بوو.