بەیاننامەیەک لە لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان



لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراو بە نیسبەت ئیمەوە لە لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، دادگای ئیتحادی عێڕاق وەک ئاراستەکانی ساڵانی پێشتری، بڕیارێکی دیکەی خستە سەر بڕیارە کەڵەکەبووەکانی دیکەی دژ بە هەرێمی کوردستان و گەلە خۆڕاگرەکەی.
ئەم بڕیارە دادگای ئیتحادی بە نادەستووری دانانی ناردنی 400 ملیار دینار لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە بەشێک بووە لە ڕێکەوتنی دامەزراندنی حکومەتی فیدڕِاڵ و، لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی دامەزرێنەری حکومەت مۆرکرا، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەم بابەتەیان بە دەستکەوتێکی زۆر گرنگ دەزانی ، بەڵام زۆر بە ڕوونی دەرکەوت کە ئەم بڕیاڕەی دادگای ئیتحادی بەشێکە لە گەمەیەکی سیاسی دەسەڵاتدارانی عێڕاق، کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاق بە وەزیری دارایی دەڵێت ئەو بڕە پارەیە بنێرە و، وەزیری دارایی قایل نابێت و، پاشان لە دادگای ئیتحادی سکاڵا دەکرێت و، ئەم جۆرە بڕیارە وەردەگیرێت.
ئەم بڕیاڕەی دادگای ئیتحادی تەواوکەری بڕیاڕەکانی دیکەیە، کە ناردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دادەنێت و، بڕیاری 230ی هەمان دادگا دژ بە یڕگەیەکی یاسایی، کە لە چوارچێوەی هزری یەکسانی لە مافدا و نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ساڵی 2008 لەلایەن پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوە و، ئەم دادگا ئیتحادیە بە نا دەستووری دایدەنێت، كەچی ئەم دادگایە بێ دەنگە لە نەبوونی پەنجا یاسا كە دەبوایە بەپێی دەستوور بوونی ھەبوایە.
ئێمە لە لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی چاوەڕێی ئەم جۆرە هەڵوێستانە لە دادگای ئیتحادی و ئەوانەی کە ئاراستەی دادگای ئیتحادیش دەکەن و نەخشەی کاریان بۆ دادەنێن، دەکەین و، هیچ کاتێک ئەم بابەتە جێگای سەرسوورمان نییە، بەڵام ئەوەی دڵگرانی کردووین نەبوونی هەڵوێستە بە یەک پاکیجی لە لایەن دەسەڵاتداران و سرجەم لایەنە سیاسییەكام لە کوردستاندا، چونکە بینیمان تەنها ناڕەزارییان سەبارەت بە بابەتی نەوت و 400 ملیار دینارەکە دەڕبڕی، بەڵام لە ئاست ناڕەزایی سەبارەت بە بڕیاڕەکەی داگای ئیتحادی کە مافی ژنان پێشێل دەکات بێ دەنگ بوون و، سەرجەم هەڵوێستەکانی پێشتریش تەنها نا ڕزایی دەڕبڕین بووە.
هەڵوێستەکانی حکومەتی ئێستای عێڕاق و حکومەتەکانی پێشتریش و بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی ئاماژەیەکی ڕوونە، کە بابەتی توافق و هاوسەنگی و شەراکەت دەمێکە لە پرۆسەی سیاسی عێڕاقدا نەماوە و، سەرجەم ئەو لایەنە دەسەڵاتدارانە لە دەوڵەتی عێڕاقدا ململانێی بوون لەگەڵ گەلی کوردستاندا دەکەن، کەچی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەم هەلومەرجەدا خەریکی ململانێی ناوخۆین، کە ناسەقامگیری ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان درووست کردووە و، ڕاکەڕاکەیان بۆ چوونە بەغدا و خەیاڵیان لای پرۆسەیەکی سیاسی شکستخواردووە، کە ئامادەنین هەڵسنگاندن و پێداچوونەوەی بۆ بکەن و، لەوە دەچێ تەنیا بەوە ڕازی بن کە سەرۆک کۆمار و ئەندامانی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و چەند وەزیر و بەرێوبەری گشتییان لە بەغدادا هەبێت لە سایەی پرۆسەیکی سیاسییدا، کە چەندین ساڵە کۆتایی هاتووە و دەوڵەتی قۆڵ حوکمی ڕاستەقینەی عێڕاق دەکات.
گەلی کوردستان چاوەڕێی هەڵوێستی ڕوونتر لە حکومەتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دەکات. هەڵوێستێک کە پەیوەندی بە ناوەڕۆکی خودی پرۆسە سیاسییە شکستخواردووەکەی دەوڵەتی عێڕاق بێت.


لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان
(حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان)
26/1/2023

پەیوەندیدار