دیموکراسی ئەستەم لە عێراق-دا!



دوای جەنگی سارد و داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت ، ئیعلانی سەرکەوتنی دیموکراسیی لێبڕاڵ درا بەو پێیەی باشترین سیستەمە بۆ ئیدارەدانی ژیانێکی باشتر ، بەمانا فەلسەفیەکەی ئەمە «کۆتایی ميژووە» و ، داوا لە وڵاتانی جیهان کرا کە ئەم ڕێڕەوە بگرنەبەر ، هەر بەڕاستیش لەمیانی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیستویەکدا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بەسۆز و خرۆشەوە چوونە ناو ئەو دیموکراسیە لەشێوەی خۆپۆشتەکردن بە «شۆڕشی ڕەنگاوڕەنگ» و «شوڕشی بەهاری عەرەبی» کە بووە زستانيکی زەمهەریر ، لەم نێوەندەشدا عێراق-یشی گرتەوە و درا بە حزبە شیعەکانی نزیک لە ئێران ، بیرۆکەی بەهاری عەرەبی و تەسلیمکردنی عیراق بە حزبە ئایینە شیعەکان ، لەلایەن ئۆباما-ی سەرۆکی پێشووتری وڵاتەیەکگرتووەکان بوو تا بە حسابی خۆی باڵادەستی بداتە ئیسلامی میانڕەو بەرانبەر قاعیدە و داعش ، ئەمە میکانیزمێکی وای دانا کە دەسەڵاتێکی ملهوڕی زۆررینە شیعەی سەپاند ، کە بووە مایەی فەشەلی ئەو دیموکراسیەی کە بانگەشەی بۆ دەکرد کە سەرەنجام تێکچوونی ئابووری وبەسیاسیکردن و کەوتنی دادوەری و تووڕهەڵدانی بڕگە و مادەکانی دەستوور .. هتد لێکەوتەوە .

لەڕاستیدا لە وڵاتە فرە نەتەوە و ئایینەکاندا تەوافق و شەراکەت زەروریە بۆ سیستەمی حوکم ، کە لە زانستە سیاسیەکاندا بریتیە لە بیردۆزی دیموکراسیی تەوافقی ، ئەمەش بۆ زامنکردنی نووێنەرایەتی کەمینە تا زۆرینە نەتوانێت بەتەواوەتی کاریگەری بکاتە سەر دەسەڵات و پاشان ببێتە دیکتاتۆریەتی زۆرینە کە ئیستا لایەنەکانی شیعە پەیڕەوی دەکەن یان لەڕێگەی ئەو بەناو دادگای فیدڕالی کە ئامرازێکی سیاسی و مونحازە بڕیاری نابەجێ دژی خەڵکی کوردستان دەربکات ، کە ئەگەر هەیە لە ڕيگەی ئەو دادگایە یا بەزۆرینە لە پەرلەمان دەستوور بگۆڕن و فیدڕالیەت هەڵبووەشێننەوە ، کورد هەڵەیەکی گەورەی کرد کە دەبا دەرچوونی هەر بڕیارێکی دادگای فیدڕالیەت بە تەوافوق با نەک زۆرینە !! ئێستا پێشێلکردنی دەستوور و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتن بۆتە دیاردە لەگەڵ حزبە شیعەکان یا لەگەڵ سوننە هەرووکیان وەکو یەکن و جیاوازیان نیە بەرانبەر کورد جیاوازیان وەکو «بیبسی و کۆکاکۆلا»یە ، ڕقلێبوونە لە کورد بۆتە کەلتوور لە لایان ، ئێستا شیعە ئەوەندەی ڕق لە ئێمەیە ئەگەر یەکێک ئاگای لە مێژووی ئەو ناوچەیە نەبێت وادێتە پێش چاوی کە ئەوە کوردە«تاوانکارەکانن » بەر لە 1400 پێش ئێستا ئیمام حسین-یان کوشتووە ، لەبیریان چوو کە هەردوولامان قوربانی دەستی دیکتاتۆر بووین و هەردوولاشمان هاوخەبات بووین بۆ ڕوخاندنی دیکتاتۆر ، دیارە باشترین دەرفەتیش بۆ ئەوان تا گورزی بەهیزتر بوەشێنن و هەرێمی کوردستان نەهێڵن لاوازی و پەرتەوازیەیی کورد خۆیەتی .

زۆربەی لێکۆلەرەوان وای بۆ دەچن کە ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت بەهۆی پێکهاتەی تائیفی و نەتەویی و ململانێ لەسەر دەسەڵات ، ئەو ململانێیە ڕەگوڕیشەی لەو وڵاتادا داکوتاوە ، ئەمە پەیوەندی بەوەوە نیە کە هەندێک دەڵێن دروستکراوە ، ڕەگوڕیشەکە لە قووڵایی مێژوو دایە و بۆتە جێگیریەکی مێژوویی کە زۆر قورسە هەڵبکەنرێت و هەمیشەش وەک پۆڵووی بن خۆڵەمێش نەکوژاوەتەوە و لە ئانوسان دایە بۆ هەڵگیرساندن و ئەستەمە دیموکراسیی لەو وڵاتە جيبەجێبکرێت ، هزرمەندی سوری «جۆرج تەرابیشی » دەڵێت : ( زۆرینە و کەمینە دوو جێگیکراون ناگۆڕدرێن ، مەگەر خوا ئەگەر پارسەنگی هێزی دیموگرافی بگۆڕێت ، لەبەر ئەوەی زۆرینە و کەمینەن دوو ستوونن چونەتە ناو جەستەی کۆمەڵگا کێبڕکێیان هەر لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی نووینەران نابێت ، ئەگەر دیموکراسیەت لەسەر چەمکی نەیار وەستابێت تۆ دەتوانیت بەسەر ئەو نەیارەی بەردەوام دەگۆڕێت زاڵ بیت ، چونکە شوناسەکەی دەگۆڕێت ، لەکاتێکدا کێبڕکێی تائیفی لەسەر چەمکی دوژمن ڕاوەستاوە و ، دوژمنیش جێگیرە و شوناسەکەی ناگۆڕێت ) بۆیە ئەستەمە چارەسەری پێکهاتەکان بە ڕێگەی دیموکراسیەوە بکرێت ، تاقە چارەسەریش دابەشکردنی ئەو دەوڵەتەیە کە ئینگلیز بەتۆپزی پێکەوەی لکاندووە .

پێم وایە کێشەکە لەوەوە نیە کە لەبەرچی ئەم دۆژمناتیە بەرانبەر کورد دەکرێت ؟ کێشە هەرە گەورە و سەرەکیەکە ئێمە خۆمانین ، خۆمان قوربانی خۆمانین و ، باجی زوڵم لەخۆکردنی خۆمان دەدەینەوە ، دۆخی ئەوڕۆ ئەوەیە ئەگەر پشت بەخۆت نەبەستیت لەناودەچیت ، ئەگەر ئەوە حاڵی شەپڕیوی ئێمە بێت بۆ گللەیی لە ئەمەریکا و شیعە و سوننە و خەڵکی دیکە بکەین ، گەورەترین هەڵەی ئێمە ئەوەیە کە دان بە هەڵەکان نانێین و بەخۆماندا ناچینەوە و کەمێک واز لە شەهوەی پارە و دەسەڵات ناهێنین و ئەو دەرمی دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و لاوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی چارەسەر ناکەین و ، نەخشەیەک بۆ دواڕۆژ دانانیین تا بتوانین کاروانەکە بەرەو ئاییندە تەواو بکات!!

نووسەر : محەمەد خۆشناو

پەیوەندیدار