دەمیرتاش ، ئەگەر پشتیوانی لە ئەردۆغان بکەم ، ئەوا رۆژێک دواتر ئازاد دەکرێم

دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە لە رێگەی نامەوە وەڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕی تی 24ی تورکیای داوەتەوە و وتویەتی: ئەگەر ئەمڕۆ پشتیوانیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا رۆژی دواتر لە زیندان ئازاد دەکرێت.

دەمیرتاش وتوشیەتی: هەر لەگەڵ بڕیاری پشتیوانیی لە ئەردۆغان، دور نییە دوای ئازادکردنم بە هێلیکۆپتەر بۆ کۆشکی سەرۆک کۆماریی بگوازرێمەوە و بە ئەگەرێکی بەهێزیش نانی نیوەڕۆ بە میوانی لەوێ بخۆم.

هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە جەختی کردەوە؛ ئەو وەک خۆی زیندانیی کراوە و وەک خۆیشی لە زیندان ئازاد دەکرێت و یەکەم ژەمی خواردنی دوای ئازادیش لە ماڵی خۆی دەخوات نەوەک میوانی کۆشکی سەرۆک کۆماریی تورکیا بێت.

چەند رۆژێک پێش ئێستا شاندێکی باڵای هەدەپە سەردانی دەمیرتاشی لە زیندانی ئەدیرنە کرد و وتەکانی ئەویش ئاماژەیە کە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا بە هیچ شێوەیەک پشتگیریی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی ناکات.

پەیوەندیدار