بەرهەمی ماسی کوردستان هەناردەی دەرەوەی ووڵات دەکرێت

حکومەتی هەرێم بە نیازە، بەرهەمی ماسی کوردستان هەناردەی ناوچەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکات، بۆ ئەم مەبەستەش، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروستدەکرێت و ٦٥٪ـی كارەكانی تەواو بووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئامانج دروستکردنی ئەم پرۆژەیە، پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، کە لە قۆناغی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا ٢١ ملیۆن پەنجە ماسی و هەزار و ٢٠٠ تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.

شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندوە، “ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە، لەئێستادا ٥٠٠ دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە”.

بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، ئەوەش گوت: هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە، دروست نەکراوە، هەروەها تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووشی تێدا بەکار هێندراوە”.

ڕووبەرەی پڕۆژەکە ٢٢٩ دۆنمە و پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئاییندەدا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.

پەیوەندیدار