یەکەم کاردانەوەى چین دواى خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ باڵۆنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ چین له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا به‌رامبه‌ر خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ باڵۆنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ئیدانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كرد و رایگه‌یاند كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ به‌ مافی‌ خۆی‌ ده‌زانێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ “چین ناڕه‌زایی قووڵ و دژایه‌تیی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی هێز له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر بالۆنێكی مه‌ده‌نی‌ بێسه‌رنشین ده‌رده‌بڕێت”.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ده‌ڵێت: “به‌مافی‌ خۆمانی‌ ده‌زانین وه‌ڵامی پێویست و زیاتریش بده‌ینه‌وه‌”.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ “چین چه‌ند جارێك ئه‌مریكای‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و باڵۆنه‌ مه‌ده‌نییه‌ و به‌هۆی‌ به‌هێزی‌ باوه‌ چووه‌ته‌ سنووری‌ ئاسمانی‌ ئه‌مریكا و كاردانه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكاش چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو”.

لای‌ خۆیه‌وه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ چین رایگه‌یاند كه‌ “نیگه‌رانی‌ خۆمان به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی‌ هێز له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ باڵۆنێك كه‌ بۆ كه‌شوهه‌وا به‌كاردێت، ده‌رده‌بڕین”.

راشیگه‌یاند كه‌ چین به‌ مافی‌ خۆی‌ ده‌زانێت وه‌ڵامی‌ ئه‌و پێشێلكارییه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا بداته‌وه‌.

ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ باڵۆنه‌ چینییه‌كه‌، كه‌ ئه‌مریكا به‌ “سیخووڕی” تۆمه‌تباری ده‌كرد، خرایه‌خواره‌وه‌.

وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا “پێنتاگۆن” له‌وباره‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ “باڵۆنه‌كه‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ری جۆری F-22 كراوه‌ته‌ ئامانج و خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌”.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن، باڵۆنه‌كه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی ویلایه‌تی كارۆلاینای باشوور له‌ ئاوێكی 14 مه‌تر قووڵدا كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌وباره‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت: “بۆ ئه‌وه‌ی زیان به‌ر هیچ كه‌سێك نه‌كه‌وێت، باشترین كات ئه‌وه‌ بوو، كه‌ باڵۆنه‌كه‌ بگاته‌ سه‌ر رووبه‌ری ئاوی”.

پێشتریش جۆ بایدن، رایگه‌یاندبوو كه‌ خۆیان چاره‌سه‌ری ئه‌و باڵۆنه‌ چینییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ بۆ كاری سیخوڕی ره‌وانه‌ی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی كراوه‌و وتی كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان چاودێریی باڵۆنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

پەیوەندیدار