هیوا سەید سەلیم
ئەوەی ئەم دوو رۆژە لە ناوچەکە ڕوویدا، بەردەوامیشە، بەهەموو پێوەرێک کارەساتێکی مرۆییە. خاپوور بوونی هەزاران باڵە خانە، بە دەیان هەزاران قوربانی مردن و شوێن بزربوون بەو شێوە تراژیدیایە، کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت ئامارە ڕاگەیەندراوەکان راستەقینە نین، خەڵکی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن گومانیان هەیە بەرپرسان بە ئەنقەست ئاماری درووستی قوربانییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکەن.
لە پاڵ ئەمانەدا، بێبەشبوونی خەڵک لە سادەترین سەرچاوەکانی ژیان، نموونەی ئاوی خواردنەوە، کارەبا، سووتەمەنی، تێکچوونی لانەی ژیانێکی سادە.
کە هەموو ئەمانە لێکەوتەی کارەساتی بۆمەلەرزەی ئەو چەند رۆژە بوون، کە شارەکانی تورکیا و سوریا و باکوور و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە.
زۆری زیانەکان لە ئاستی مرۆیی و ماددیەوە، هەرەها دەستەوەستانی حکومەتی تورکیا بۆ بەهاناوەچوونی پێویست بۆ دەربازکردنی ئەوانەی کە ژێر پاشماوەی باڵەخانەکان لە ژیان ماون، یان گیانیان لە دەستداوە، رەخنەی زۆری هێناوەتە سەر حکومەتی تورکیا، بەشێوەیەک کە خەڵک بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات «حکومەت لە کوێی ئەو کارەساتەیە؟».
سێ رۆژ دوای روودانی کارەساتەکە هێشتان تیمەکانی فریاگوزاری و کۆمەکی مرۆیی پێویست نەگەیشتونەتە هەندێک شوێن.
حکومەت بیانووی داڕمانی سەکۆی نیشتنەوەی فڕۆکەی هەیە ، بە تایبەت لەو شارانەی کە کارەساتەکەی لێ رووداوە لە نموونەی (هەتایی و مەڕەش).
رێگای ئۆتۆبانی نێوان شارەکان پچڕاوە، بەڵام بۆ دەوڵەتێکی وەک تورکیا کەس ئەو بیانووەی بە فلسێکی لێناکڕێت.
بۆچی ئەو ڕەخنەیە کە لە سوریا ناگیرێت،چونکە سوریا خۆی لە ساڵی ٢٠١١ وە وەک دەوڵەت نەماوە، ئەو ناوچانەش کە ئەمجارە کارەساتەکەی ڕووی تێکردووە، کەمترینیان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەسەد دان، بەشی زۆری لە ژێر دەستی تورکیا و گروپەکانی سەر بە تورکیا دان، کە تورکیا لەبەر دەردی خۆی نابرژێتە سەر دەهاناوە چوونی ئەو شوێنانە، عەفرینی داگیرکراو بە نموونە، کە یەکێکە لە قوربانیەکانی بۆمەلەرزەکە.
بۆیە دەبینین ئەرکی سورییەکان قورستر و برینی ئەوان قوڵترە.
بەڵام تورکیا جیاوازە، تورکیایەک کە هەر چەند ساڵ جارێک رووبەڕووی کارەساتی بۆمەلەرزە دەبێتەوە، دەبوو لە ئێستادا باشترین بودجەی بۆ ئەو کارەساتانە تەڕخان کردبا، ئەو پارە زۆرەی ساڵانە لە شەڕی ئەملا و ئەولا بەخەساری دەدات، دەبوو ئێستا باشترین تیمی فریاگوزاری و ڕاهێنانی مرۆیی لێ درووست کرد با.
ئەزموونی خرابی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتی ئەم هەفتەیەی بۆمەلەرزەکە، ئەوەمان پێدەڵێت کە هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان دەبێ لە یەزدان بپاڕێینەوە کارەساتی وا بەرۆکمان نەگرێت، ئەگینا لە تورکیامان خرابتر بەسەر دێت.
چونکە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان هەر باڵاخانەیەوە بەرەو ئاسمان بەرز دەکرێتەوە، زەوی وا هەیە لەوەتەی هەیە زەوی کشتوکاڵی بووە، بەرپرسان کردویانە بە باڵاخانە، لە ڕووی کوالیتی بیناکان پڕاوپڕن لە کێماسی.
هەموومان کارەساتی لافاوی ساڵی پارمان بە بیرە، بۆیە دەزانین هەرێمی کوردستان کەم ئەزموونە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتی مرۆیی.
بۆیە تا کارەسات بەرۆکی هەرێمی کوردستانی نەگرتووە، کە رۆژانێکە دەورو خولمان دەدات، چەند جارێکیش لێرەوە لەوێ زەنگی بۆ لێداوین، دەبێت ئەو زەنگە بەرپرسانی هەرێم بەخەبەر بهێنێتەوە.
بۆیە دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون توند وتۆڵ بکەن، ئەمەشیان کاريکی زەحمەتە، چونکە دەزانرێت کۆمپانیاکان هی کێنە و کێیان لە پشتە ؟
بۆیە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەر ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە بڵێن:«خودایە ئەوەی لە تورکیا و سوریا روویدا هەرێمی کوردستانی لێ بەدووربگری»