ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لە هەردوو وڵاتى توركیا و سوریا ٧٧ تیمی تەندروستی نیشتمانی و ١٣ تیمی تەندروستی نێودەوڵەتی کار دەکەن

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکان و ڕاشیگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییەکان بەرز ببێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: “سەرەخۆشی لەو کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەم، کە بەهۆی بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریاوە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکە کاردەکەین. خەڵک پێویستیان بە پەناگە، خواردن، ئاوی پاک، چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (دەبیلو ئێچ ئۆ / WHO) بڕی ٣ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بۆ دۆخی لە ناکاو لە سندوقی فریاکەوتن بۆ کارەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن و دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکان لەو دوو وڵاتەدا تەرخان کردووە.

گیبریسوس وتی، تەندروستیی جیهانی پێداویستیی پزیشکی بۆ ئەو دوو وڵات و یارمەتیی چاودێریی پزیشکی تایبەت دابین دەکات. گیبریسوس وتیشی: “ئەو فڕۆکانە، کە پێداویستیی پزیشکی و نەشتەرگەرییان تێدایە دەچێتە ئەستەنبوڵ و ئەوی تریان بۆ دیمەشق. ئێمە پلانی ناردنی فڕۆکەی سێیەم دادەنێن”.

گیبریسوس ئاماژەی بەوەکرد، تیمێکی پلەبەرزیش بۆ هەماهەنگی و ڕێکخستنی کاروباری دەستێوەردانەکانی دەبیلو ئێچ ئۆ نێردراون بۆ ناوچەکە و ئەوەشی وت: “لە هەردوو وڵاتەکەدا ٧٧ تیمی تەندروستیی نیشتمانی و ١٣ تیمی تەندروستیی نێونەتەوەیی کار دەکەن”.

بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەشی خستەڕوو، لەوانەیە ژمارەی گیان لە دەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکە بەرزتر ببێتەوە.

ANF

پەیوەندیدار