عێراق، ١٨ کەس بەتۆمەتی دەستکاریکردنی نرخی دراو دەستگیر کران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە ١٨ کەس بەتۆمەتی دەستکاریکردنی نرخی دراو لە بەغدای پایتەخت، پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سەربە ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی، ١٨ کەسیان بەتۆمەتی یاریکردن بە نرخی دراو لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف دەستگیر کردووە.
راشیگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکان بەپێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندییەوە، دۆلاری ئەمریکییان بەرامبەربە دیناری عێراقی فرۆشتووە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر ٧٩٥ ملیۆن دیناری عێراقی و ٣٨٥ ھەزار دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ژمارەیەک نووسینگەی ئاڵوێری دراو کە مۆڵەتیان نەبووە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف لەلایەن ھێزەکانی سەربە ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵییەوە داخراون.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە ماوەکانی رابردوودا، دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی عێراقدا ئاستی پێوانەیی تۆمار کرد، بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٧٧ ھەزار دینار.

پەیوەندیدار