دكتۆر کاوە مەحموود
گەڵاڵەبوونی چەمکی پانتایی گشتی بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپادا دەگەڕێتەوە کە هەلومەرجێکی ئەوتۆ ڕەخسا ناوەندێکی ڕۆشنفیکر لە چینی بۆرژوای گەشەکردووی ئەو کاتە، ڕێگای یانە ئەدەبییەکان و گردبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە چوارچێوەی مافە مەدەنییەکان، گفتوگۆکانیان سەبارەت بە پرسە و گرفتەکانیان بکەن. ئەم چەمکە لە بواری هزریدا لە لایەن کانت (1724ـ 1804) لە دەقێکدا کە یەکێکە لە بنەماکامی مۆدێرنە و وەڵامی پرسیاری (ڕۆشنفیکری چییە؟) دەداتەوە باسکراوە و، تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە (مرۆڤ ئازادە و دەبێ سەروەری کەس لە سەر عەقڵی نەبێت و بێ فشاری دەرەکی بیرکردنەوەی خۆی هەبێت).
لە پێناسەکردنی چەمکی پانتایی گشتی ئاماژە بۆ بوونی پەیوەندی ئۆرگەنیکی ئازادی بیرکردنەوە و، ئازادی ڕادەڕبڕین کرا.
بوونی پانتایی گشتی پێویست دەکات تاک لەگەڵ کەسانی دیکەدا و لە نێو ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و خەڵکانی دیکە بیرکاتەوە.
بەم جۆرە ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕینی تاک لەگەڵ لە ناوەندێکی خەڵکدا و جەختکردن لەسەر بنەمای عەقلانیەت و دەربازکردنی ڕای گشتی لە هەژموونی دەقی ئاینی و نەریتی کۆمەڵایەتی فیوداڵیزم مەرجە بۆ درووستبوونی پانتایی گشتی، بەڵام سەرجەم ئەمانەش بێ بوونی عەقلانیەت کە سەرچاوەی ڕۆشنفیکرییە و بەکارهێنانی لە بیرکردنەوەی تاک بەشێوەیکی ئاشکرا و ڕوون پانتایی گشتی درووست نابێت.
گرنگی بوونی پانتایی گشتی پەیوەندی بە چەمکی شەرعیەتی ئەو قانون و رێسایانە هەیە کە لە کۆمەڵگادا دادەڕێژرێت و، دەبێتە بنەمایەکی گەڵاڵەبوونی چەمکی (دیموکراسی تشاوری) کە جەخت لەوە دەکاتەوە قانونی شەرعی و ڕەوا ئەو قانونەیە کە لە ئاکامی گفتوگۆی بە کۆمەڵی پانتایی گشتی دابڕێژرێ نەک ئیرادەی گشتی دەسەڵاتی یاسادانان .
بوونی پانتایی گشتی زەمینەی درووستبوونی ڕای گشتییە کە لە بواری فەلسەفیدا کە هاووڵاتیانی ئازاد و یەکسان لە ڕێگای گفتوگۆی عەقلانی و بەکۆمەڵ دوور لە ململانێی و پێکدادن پێی دەگەن و، جۆرێک لە ڕەوابوونی سیاسی لەخۆدەگرێت.
بۆچوونەکانی کانت سەبارەت بە پانتایی گشتی لەلایەن قوتابخانەی رەخنەگرانەی فرانکفۆرت و هزرمەندی ئەڵمانی هابرماس(1929ـ ) پەرەیپێدرا و، تا گەیشتە گەڵاڵەکردنی (تیۆری پەیوەندی) کە بنەمایە بۆ پانتایی گشتی و ڕووبەرێکە خەڵکی ناکۆک لە ڕێگای گفتوکۆی عەقلانییەوە هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی و بەرژەوەندی گشتی دەدەن.
هەرچەندە هابرماس پێی وایە مۆدێرنە پرۆژەیەکە کۆتایی نەهاتووە یان تەواو نەبووە و زیندووکردنەوەی مۆدێرنە پەیوەندی بە زیندووکردنەوەی پانتایی گشتییەوە هەیە، پێناسە و مەرجەکانی بۆ پانتایی گشتی شێوازێکی پێوەریی وەرگرتووە، بەڵام نەک تەنیا لە هەلومەرجی ئێستادا بەڵکو لە سەرەتایی گەڵاڵەبوونی چەمکی پانتایی گشتی و تەنانەت ڕای گشتی، کرۆک و ناوەڕۆکی ئەم چەمکانە و بوونی دیاردەی پانتیی گشتی لە دەرەوەی بوونی سەروەری سسەرمایەداری و بوونی هەژموونی شوناسی چینایەتی سەرمایەداری لەسەر سەرجەم چەمکەکان بەدەر نەبووە.
گرفتەکانی چەمکی پانتایی گشتی هاوکات بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمکەکە و بۆیە ئەمڕۆ پرسیار لە بوون یان نەبوونی پانتایی گشتی لە ئاستی جیهاندا دەکرێت.
ئەم پرسارانە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ دەگرێتەوە لەوانە:
ــ سەرجەم چەمکەکانی گشتگیری و یەکسانی و ئازادی چەمکی ئایدیۆلوجین لە کاتێکدا بەشێک لە بیرمەندانی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فرانکفۆرت پێیان وایە ئایدیۆلۆجیا وەهمێکی پێویستی کۆمەڵایەتییە و هەندێکیش پێی وایە بیروبۆچونێکی چەواشەکەرانەیە بۆ هاندانی خەڵک و مانەوەی هەژموون.
ــ هەر لە سەرەتایی بوونی چەمەکی پانتایی گشتی ناوەندێکی خوێندەوار و دەوڵەمەند لە بۆرژوای گەشەسەندووی ئەو سەردەمە تیایدا بەشدار بوون و، توێژی هەژاران و ژنان لە بوار پانتایی گشتی دوور خرابوونەوە.
ــ بە شێوەیکی کردەیی پانتایی گشتی لە سایەی سەرمایەداریدا بواری پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارن و ئاراستەی بەکاڵابوونی هەموو شتێکە.
ــ گۆڤار و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بوارەکانی پانتایی گشتی بوون بە کۆمپانیای سەرمایەداری مەزن یان سێبەری بەرژەوەندی دەسەڵات و کۆمپانیاکان و بەرهەمەکانیان لە چوارچێوەی کەلتووری بەکاربەرەیی و هۆشمەندی چەواشەکەرانە دەرباز نەبوو. بەم جۆرە ڕاگەیاندن نەبوو بە دەسەڵاتی چوارەم بەڵکو هێز و دەسەڵاتی ئابووری بۆ سەروەری و هەژموونی سەرمایەداری، هەروەکو چومسکی دەڵێت: ڕاگەیاندن میکانیزمێکە لە میکانیزمەکانی کۆنتڕۆڵکردن و دەسەڵاتبوون.
ــ بوونی هەژموونی جیاواز لە سەر ڕای گشتی بە جۆرێک کە ئەو پانتاییە ئەرکی ڕەخنەگرانەی خۆی ئەنجام نادات و ئەمەش کاری لەسەر شوناسی پانتایی گشتی دەکات کە بۆتە گۆڕەپانێکی ململانێی چینایەتی بۆ ئاراستەکردنی ناکۆکی و پێکدادانەکان.
لە خوێندنەوەی سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە وای دەبینم کە خودی پانتایی گشتی چەمکێکی چینایەتییە و هۆکارێکی سەرکییە کە سیستمی سەرمایەداری و لیبراڵی بۆ کۆنتڕۆڵکردن بەکاریدەهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بوارێکی بۆ پرۆژەی ئەنتی سەرمایەداری و تێکۆشەران بۆ پرۆژەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئاراستەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەرەخسێنێت وەک گۆڕەپانێکی ململانێ بێ ئەوەی شوناسە چینایەتییەکەی بەهەند وەرنەگیرێت.
پانتایی گشتی وەک هەر چەمکێکی دیکەی بواری سۆسیۆلۆجی لە دۆخی وەستان نییە. بۆیە دوور لە تێڕوانینە کلاسیکییەکی کانت و بۆچونەکانی هابرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی حنە ئەرندت (1906ــ 1975) ئاماژە بۆ بابەتێکی گرنگ لە بواری پانتایی گشتی دەکات کە پەیوەندی بە بوار و پانتایی فرەبوون و هەمەجۆری دەڕبڕین و دابینکردنی ماف جیاوازوە هەیە. بەم جۆرە بیرۆکەی فرە ئاسۆیی هاتە پێشەوە بەو مانایەی کە لە دید گۆشەنێگای جیاوازەوە تەماشای هەمان بابەت بکرێت.
ئەم بۆچونەی حنە ئەرندت جەختکردنەوەیە لەسەر فرەیی و هاوبەشی و بەم جۆرەش ماف هەیە کە جیاواز بین بەڵام لە جیهانێکی هاوبەشدا. بەم جۆرە چەمکی پانتایی گشتی و رای گشتی مۆرکێکی جیهانی وەردەگرێت، بەڵام بە بۆچوونی من شوناسی دوو فاقی هەیە و، دەمێنێتەوە لە سایەی سیستمێکی جیهانی سەرمایەداری ئامرازێکی نێودەولەتییە دەسەڵاتدار بۆ هەژموونی کەلتووری خۆی بەکاریدەهێنێت، لە هەمان کاتدا بۆ هەڵگرانی پرۆژەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، گۆڕەپانێکی ململانێیە.
دوای خستنەڕووی ئەم پاشخانە بۆ چەمکی پانتایی گشتی ئایا دەکرێ باس لە بوونی پانتایی گشتی لە کوردستاندا بکەین؟
ئەگەر تەنیا پێوەرەکانی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕین و گفتوگۆی عەقلانی دوور لە هەژموونی دەقی ئاینی و پاشماوەکانی پەیوەندییەکانی پێش سەرمایەداری لەبەرچاو بگرین، ئاسان نییە بڵێن لە دیدی پێوەرییەوە مەرجەکانی پانتایی گشتی هەیە، چونکە لایەنەکانی پانتایی گشتی لە کوردستاندا کە دەسەڵاتە خاوەنی پرۆژەی مۆدێرنە و عەقلانیەت نییە و، هێزی پارێزگاریخواز و سەلەفییە کە جگە لە پۆپۆلیستی و لەکەدارکردن و تەکفیری بەرامبەر لۆجیکی عەقلانی لە گوتارەکانیاندا نییە و، باوەڕی ئە بازادی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕین نییە و ئەم دوو هێزە بەرژەوەندییان لەگەڵ هێزی مەدەنی و مۆدێرن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە باس لە ڕۆشنفکیری دەکەن نییە و، بەم جۆرەش لە چوارچێوەی پانتایی گشتی بە مانا کلاسیکییەکی کۆنابنەوە.
بەم جۆرە سەرجەم یاساکانی گۆڕانکاری لە کوردستان و سەرجەم جیهاندا لە دەرەوەی ناکۆکی و ململانێی چینایەتی نییە.