هیوا سەید سەلیم
ساڵانێکە خەڵکی کوردستان و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەلگا بە تایبەت چالاکوانان و رۆژنامەنووسان، نیگەرانن لە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و پێشلکارییەکان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا. شایانی باسە، هەموو ئەو پێشلکاریانەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەرهەق بە خەڵکی کوردستان ئەنجام دراون.
شایانی باسە، لە رابردوودا، هەر کاتێک لەسەر ئاستی ناوخۆدا رەخنەیەکی لەو جۆرە ئاڕاستەی دەسەڵات کرابێت، نەک هەر بەرپرسان قەبوولیان نەبووە، بگرە بە توندی وەڵام دراوەتەوە، وە زۆربەی جاریش ئینکاری ئەوە کراوە کە لە هەرێمی کوردستان ڕەوشی ئازادییەکان و مافی مرۆڤ لەبەردەم مەترسی جدی دابن.
ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕی ئەوەی ڕەخنەکان کاریگەریان هەبێ لەسەر چارەسەری کێماسیەکان، هاتووە فەرمانگەی “ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی دامەزراندوە” ئەو فەرمانگەیە تایبەت بە وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرت و ڕەخنانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
لەم رۆژانەدا، دیمانەی بەرپرسێکی ئەمەریکی لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕووداو، کە تایبەت بوو بە دیدگای ئەمەریکا بۆ کێشە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها کێشەکانی هەرێم و بەغدا، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ئیرڤین هێکس، سەرکونسڵی گشتی ئەمەریکا قسەی لەسەر ئازادییەکان و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کرد.
ئەو بەرپرسە پەردەی لەسەر چەندین پرسی گرنگ هەڵدایەوە، بە تایبەت کاتێک بە ڕوونی باسی لە پاشەکشەی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری ئازادییەکان، ڕەوشی رۆژنامەنووسان، خۆیشاندانی ئاشتیانە لە کوردستان، فشار لەسەر ژنان و پێکهاتە ئاینیەکانی کۆمەڵگای کوردستان.
بەرپرسە ئەمەریکیەکە لە کەناڵی ڕووداو کۆتایهێنا بە سیاسەتی “دبلۆماسیەتی بێ دەنگی” ئەو ئەم جارەیان بە دەنگێکی بەرز و لە مینبەرێکی سەر بە دەسەڵات بێزاری وڵاتەکەی و تەنانەت گروپێک لە وڵاتانی دیکەی باسکرد، لە بەرامبەر پاشەکشەی هەرێمی کوردستان لە بوارەی ئازدای و مافەکانی مرۆڤ.
ئەوەی گرنگە لەو دیمانەیەدا ئەوەیە کە بەرپرسە ئەمەریکیەکە هیچ دەرفەتێکی بۆ بەرپرسانی هەرێم نەهێشتەوە تا بێن ئینکاری ئەوە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان ئازادییەکان پێشێل کراون، یان بێن باس لەوە بکەن کە وڵاتان هیچ تێبینیان نیە لەسەر سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر هەر ڕاپۆڕتێک لەو بارەیەوە دەرچووبایە، یان دیزە بەدەرخوونە دەکرا، وەیان یەکسەر لە لایەن ئەو فەرمانگەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەڵام دەدرایەوە.
لە ئێستادا دەبێت بەرپرسانی سەر بە دەسەڵات باش دەرک بەوە بکەن کە سیاسەتی “بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، پێشێلکرای لە مافی مرۆڤ، دەستوەردان لە دادگاکان، گرتن و زیندایکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان، تیرۆری ژنان” زۆر بە گرانی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان کەوتۆتەوە، هەرەوەا رۆژ بە رۆژیش ئەو پرسە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک ڕەخنەیەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە زوو زوو وڵاتان بێزاری خۆیان لەو سیاسەتە دەردەبڕن.
ئاشکرایە کە پێوەرەکانی هەڵسەنگاند بۆ هەر دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی بریتیە لەوەی چەندە ئەو حکومەت و دەسەڵاتە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان دەگرێت.
وەک دەزانرێت لە ساڵی دواییدا لە هەرێمی کوردستاندا ئازادییەکان پێشلدەکرێن، ئازادی خۆپیشاندان ئاشتیانە بە قۆستنەوەی یاسای خۆپیشاندان بەرتەسک کراوەتەوە، یان هەر ڕێگایان پێنادرێت، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان خراونەتە زیندان، هەموو ئەمانە وایکردووە بەرپرسە ئەمریکیەکە وەسفی هەڕێمی کوردستان بکات بەوەی ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت پاشەکشەیەکی بێزارکەرە.
چەمکی بێزارکەر، ئاماژەیە بەوەی وڵاتێکی دۆستی وەک ئەمەریکا کە بە پێی قسەی ئەو بەرپرسە لەو چەند ساڵی دواییدا تەنیا وڵاتەکەی “ئەمەریکا” بە بڕی 3.4 ملیار دۆلار هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەمەریکا تەواو نیگەرانە لەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت.
با چاوەڕوان بین بزانین فەرمانگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن وەڵامی بێزاری ئەمەریکا دەداتەوە.