25/02/2023
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، پنتاگۆن بەبۆنەی یەكەمین ساڵیادی لەشكركێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا پاكێجێكی نوێی یارمەتی بە بڕی دوو ملیار دۆلاری بۆ ناردنی تەقەمەنی زیاترو جۆرەها فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بچووك و پێشكەوتوو بۆ ئۆكرانیا ڕادەگەیەنێت.
یارمەتییە نوێیەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا تەنها چەند ڕۆژێك دوای ئەوە ڕادەگەیەنرێت كە (جۆو بایدن) سەرۆكی ئەمریكا لە سەردانێكی ڕانەگەیەندراودا بۆ كیێڤ بەڵێنیدا كە وڵاتەكەی ڕێز لە بەڵێنەكانی خۆی لەگەڵ ئۆكرانیا دەگرێت.
بایدن بە (ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی) سەرۆكی ئۆكرانیاو خەڵكی ئۆكرانیای ڕاگەیاندو وتی: ئەمریكییەكان و جیهان لە تەنیشتتانەوە وەستاون.
لە بەیاننامەیەكدا پنتاگۆن ڕایگەیاندووە، هاوكارییەكان چەند جۆرەیەك لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەخۆدەگرێت، لەوانەش فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سویچ بلەید 600 كامیكازی نوێكراوو هەروەها ئامێرەكانی دەستنیشانكردنی جەنگی ئەلیكترۆنی.
پاكێجی هاوكارییە نوێكان، پارەی تەقەمەنی بۆ سیستەمی موشەكی تۆپخانەیی و تەقەمەنی بۆ سیستەمی موشەكی ڕێنماییكراوی لەیزەریش لەخۆدەگرێت.
پنتاگۆن وردەكارییەكانی لەو بارەیە كە لە هەر جۆرە سیستەمێك چەندانە دەكڕدرێت، نەخستۆتەڕوو.
كۆی یارمەتییەكانی ئەمریكا بەم پاكێجە نوێیە دەگاتە 32 ملیار دۆلار هاوكاری ئەمنی بە ئۆكرانیا.
(لۆید ئۆستین) وەزیری بەرگری ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، یەكەمین ساڵیادی لەشكركێشی ڕووسیا دەرفەتێكە بۆ هەموو ئازادیخوازان كە پابەند ببنەوە بە پاڵپشتیكردنی بەرگریكارە ئازاكانی ئۆكرانیاو بیریان بخرێتەوە كە سنوری مەترسییەكانی شەڕی ڕووسیا، ئۆكرانیاش تێدەپەڕێنێت و زۆرتر دەڕوات