بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی ئێران دەکات

بەھرۆز کەمالوەندی، وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لەچەند رۆژی کەمی داھاتوودا ،رافائیل گرووسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەسەر بانگھێشتێکی رەسمیی سەردانی تاران دەکات.

کەمالوەندی وتیشی، ھیوادارن ئەو سەردانەی رافائیل گرووسی زەمینەیەکی زیاتر بۆ ھاریکاریی و کردنەوەی ئاسۆیەکی روون لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڕەخسێنێت.

سەردانی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران، لەکاتێکدایە ئاستی نیگەرانییەکانی ئاژانسەکە لەبەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیاتربوون و ھەفتەی رابردووش ژمارەیەک لێکۆڵەری ئاژانسەکە سەردانی تارانیان کرد و ئاشکرایانکرد، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران گەیشتووەتە ٨٤%، بەڵام ئێران ئەو زانیارییەی رەتکردەوە.

پەیوەندیدار