تووشبووانی نەخۆشی شەكرە لەبەر چەند هۆكارێك پێویستە میوە بخۆن، كە گرنگترینیان بەدەست هێنانی بڕی پێویست لە ڤیتامیانەكانە.
راستە ڤیتامینەكان لە خۆراكی دیكەشدا هەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو خۆراكانە دەبێت بكوڵێنرێن تەنانەت بە بەشێك لە سەوزەكانیشەوە، بە كوڵاندنیان بڕی ئەو ڤیتامینەی تێیاندا دەمێنێتەوە كەمدەبێتەوە، چونكە زۆربەی ڤیتامینەكان لە پلەی گەرمی كوڵان و نیوەكوڵیش لەنێودەچن، ئەوە میوەكانن كە بە خاوی و پڕ ڤیتامینی دەخورێن و سەرجەم بڕی ڤیتامینەكانیان تێدا دەمێنێتەوە.
دەگوترێت میوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەكری خوێن، بەڵام ئەوە ناڕاستە، چونكە ئەو شەكرەی لە میوەدا هەیە، زیاتر شەكری (فراكتۆز) ە، ئامێرەكانی پێوانی شەكرەش تەنیا شەكری جۆری (گلووكۆز) دەخوێننەوە نەوەكو هەموو جۆرەكانی شەكر، بۆیە میوە خواردن نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاو لە خوێندنەوەی ئامێرەكانی شەكرە.
هاوكات میوەكان بێبەشنین لە (گلووكۆز)، بێگومان بە زۆرخواردنیان شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە، سەرئەنجام هەڵەیە بە تووشبوویێكی شەكرە بگوترێت نابێت میوە بخۆیت، تەنانەت زیاتریش هەڵەیە پێی بگوترێت چەند حەز دەكەیت، میوە بخۆ!
خۆراكەكان بە گوێرەی پێوەری پێنوێنی شەكراوێتی -Glycaemic index’ واتە پێوانەی بڕی شەكر لە پێكهاتەی خۆراكەكاندا دەكرێن بە سێ كۆمەڵە؛
- شەكرە زۆرەكان : شووتی.
- شەكرە مامناوەندەكان: قەیسی، ئەنەناس، كاڵەك، هەنجیرو ترێی رەش.
- شەكرە كەمەكان: سێو، مۆز، پرتەقاڵ، لالەنگی، خورما، خۆخ، كیوی، هەرمێ، هەڵووژە، شلیك و ترێی سەوز.
باشترە تووشبووانی شەكرە هیچ بڕێك لە شووتی نەخۆن، بڕێكی مامناوەند لە میوەكانی كۆمەڵەی دووەم بخۆن و بڕێكی زیاتریش لە كۆمەڵەی سێیەم بخۆن.
دەبێت میوە بەسەر سێ ژەمە سەرەكییەكەدا دابەشبكرێت و لە هەر میوەیەكی جیاواز یەك دانە بخورێت.
لە كۆتاییدا تووشبووانی شەكرە دەبێت میوە بخۆن، بەڵام بەبڕی دیاریكراو، باشترین بژاردەش ئەوەیە لە هەر سێ ژەمەكە یەك دانە لە میوەی جۆراوجۆر بخورێت.
(د. زانا ئەحمەد – پزیشكی پسپۆڕی هەناو)