پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای کار و دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری پەسەند کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پەسەندکرا کە یەکێکە لەو پڕۆژەیاسا گرنگانەی کە ئەرک و ماف و پەیوەندی نێوان خاوەنکار و کرێکار رێکدەخاتەوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، یاسای کار کرێیەکی بۆ کرێکار دەستبەرکردووە کە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی بکات لە بەخێوکردنی خێزانەکەی، نابێت رێککەوتن لەسەر کرێیەکی کەمتر لەوە بکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم کرا بۆ پێشنیازەیاساکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گزیی و ھەمواری یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەرکراوە، ھەروەھا بە کۆی دەنگ داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار پەسەند کرا.