ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەبێت زمانی کوردی لە سەرجەم فەرمانگە و سەر تابلۆکانی پارێزگای کەرکوک بەکاربھێندرێت.
ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە نوسراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندیدار بە چاودێریکردنی جێبەجیێکردنی یاسای زمانە رەسمییەکان، دەبێت لەسەر تابلۆکانی ناوەوە و دەرەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکوک، ھەر چوار زمانی پێکھاتەکانی شارەکە بەکاربھێندرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە زمانەکانی کوردی و تورکمانی لە خوێندنگەکان چاپبکات، کە خوێندن تیایاندا بەو دوو زمانەیە. ھەروەھا مامۆستای تایبەت بە زمانی کوردی و سریانی و تورکمان بۆ ئەو خوێندنگانە دابینبکرێت.
ھەروەھا رایگەیاندووە، دەبێت ئەو بڕیارە کارگێڕییانەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ پارێزگای کەرکوک دەردەچن، بە زمانی عەرەبی و کوردی بن.
ھەروەھا زمانی کوردی، لە کۆمپیوتەرەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت و باری شارستانی و نشینگە لە پارێزگای کەرکوک و پارێزگا تێکەڵەکان زیادبکرێن، نوسراوی فۆرمەکانیش لە فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگای کەرکوک، بە ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بن.
ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە، بەبڕیاری راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک، زمانی کوردی لەسەر تابلۆ و فەرمانگەکان قەدەغە و سنورداردەکرا.