ئیی پارتی له‌ هاوپه‌یمانی میلله‌ت كشایه‌وه‌

یەكێك لە لایەنەكانی نێو شەش هێزە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا كشانەوەی لە هاوپەیمانێتیەكە راگەیاند بەهۆی ناڕازیبوونی لەسەر كاندیدكردنی كەمال كیلچدار ئۆغڵۆ وەك كاندیدی سەرۆكایەتی.

میراڵ ئاكشنار، سەرۆكی پارتی باشی نەتەوەیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، حزبەكان پاڵپشتییان بۆ كاندیدكردنی كەمال كیلچدار ئۆغڵۆ دەربڕی، لەكاتێكدا ئەوان ناوی هەریەك لە مەنسور یافاس سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە و ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ-یان پێشكەش كردووە.

ئەوەشی وت، شەش لایەنەكە لە كۆبوونەوەكەی دوێنێیاندا وەڵامی خواستی گەلیان نەداوەتەوە، بەڵكو دەستكەوتیان لەسەر ئاستی تاك و بچوك خستووەتە پێش سوودی هەموو گەل.

هەروەك داوایشی لە هەردوو سەرۆك شارەوانی كرد یەكێكیان ببێتە كاندیدی پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا لە 14ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت، سەرەڕای ئەو باری لەناكاوەی لە 10 پارێزگادا راگەیەنراوە بەهۆی دوو بومەلەرزە وێرانكەرەكەی 6ی شوباتی رابردوو.

ئاكشنار لە دیارترین سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیایە، پارتەكەی ریزبەندی دووەمی هەیە پاش “پارتی گەل”، بە رەخنەگرێكی توندی پارتی دەسەڵاتدار و ئەردۆغان دادەنرێت.

لە ساڵی 1996 وەزیری ناوخۆ بوو، بەشداربووە لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان، بەڵام پارتەكەی جێهێشت و ئەوكات وتی، هیچ نییە جگە لە درێژكراوەی پارتی رەفای ئیسلامی بە سەرۆكایەتیی نەجمەدین ئەربەكان.

دواتر چووە پاڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستیكردنی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی حزبەكە لە پاڵپشتیكردنی ئەردۆغان لە ساڵی 2016دا لە حزبەكە دەركرا و دواتر پارتی “باش”ی دامەزراند.

پەیوەندیدار