حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان : ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ سیمبۆلی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاریی و داگیرکارییە

لە ڕۆژی ٥ی ئاداردا، خەڵکی کوردستان بە شانازییەوە یادی ٣٢ ساڵەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ١٩٩١دەکاتەوە، ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەماندا، خەڵک بە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی، لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا، هەموو خاکی باشووری کوردستانیان لە هێزەکانی سوپای داگیرکەر و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی بەعس پاک کردەوە. لەم بۆنە مێژووییەدا، سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ڕاپەڕین و تێکڕای شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان، سڵاو لە ئیڕادەی خەڵک کە نیشانیاندا ویستی گەلی كوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاریی لە زەبروزەنگ و ستەمی ستەمکاران بەهێزترە.

      خەڵکی ئازادیخوازیی کوردستان!

لە کاتێکدا کە یادی ٣٢ ساڵەی ڕاپەڕین دەکەینەوە، بێئومێدی خەڵک لە شێوازی حكومڕانی و لە ناعەدالەتی لە زیادبووندایە، لەجیاتی هەنگاونان بەرەو ئامانجە نەتەوەییەکان، لەجیاتی پتەوكردنی پایەکانی حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە، لەجیاتی بە دەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک و پاراستن و پەرەپێدانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و زامنكردنی نان و کار و ئازادی، هێشتا لە نێوەخۆدا هەرێمی کوردستان لە بەردەم بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و ئاڵنگاریی گەورە دایە. لێکترازان و هەڵکشانی ناکۆکییە لاوەکییەکانی نێو ئیئتیلافی دەسەڵاتدار لە هەرێم لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەرفراوانبوونی مەودای بێئومێدی و  بێکاری لەنێو گەنجان لە ئاستی نێوەخۆدا،  مەترسییەکانی لە ئێستا و لە داهاتوودا هیچ لە مەترسی دەرەکی کەمتر نییە. لەم ڕەوشە هەستیارەدا، دەبێ وانەی یەکڕیزیی لە ئەزموونی ڕاپەڕین وەربگیرێ، پێویستە رێگە نەدرێ دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانە، بکرێ بە قوربانی دەستکەوتی حزبی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان.

      حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە یادی ڕاپەڕین، بانگ لە حزبە کوردستانییەکان دەکات، بە دەنگ داواکارییەکانی خەڵکەوە بچن و پێکەوە کۆببنەوە.

٢- لە ڕێگەی دیالۆگەوە کۆتایی بە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان بهێنرێ.

٢- کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێ بدرێ.

٣- ڕێ لە پێشێلکردنی ئازادی و مافە چەسپاوەکانی ژنان و ئازادییە سیاسییەکان بگیرێ.

٤- دەرفەتی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستەبەر بکرێ.

٥- لە بەغدا، بەپێی کارنامەیەکی هاوبەش داکۆکی

لە مافە دەستوورییەکان و لە چارەسەرکردنی پرسی ناوچە کوردستانییەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکرێ، نەک شەڕ لەسەر پۆست و ئیمتیازاتی حزبی بکرێ.

مەکتەبی سیاسیی

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

٤ی ئاداری ٢٠٢٣

پەیوەندیدار