لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدای پایتەخت و بەپێی چەند سەرچاوەیەکیش، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی لە عێراق.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا بڵاویکردەوە سەردانەکەی بەرگری ئەمریکا بۆ بەغدای پایتەخت لە چوارچێوەی گەشتەکەیدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەک، لۆید ئۆستین لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا هێزەکانی وڵاتەکەی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراقی بینیوە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی سەردانەکەی و وردەکاری دیدار و کۆبونەوەکانی نەخراوەتەڕو.
مانگی ڕابردو بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە ئیدارەی بایدن بەشدارییان لە کۆبونەوە ئەمنییەکان لە ڕیاز کردبو بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێران و هەڕەشەکانی دیکە.
کاربەدەستانی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، ئەو کۆبونەوانە نیشانەیەکن بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە واشنتن چاوی لە دورکەوتنەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نادروستن.
لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ساڵی 2013 تا 2016 پۆستی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای وەرگرتبو.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومەتی عێراق، هیچ زانیاریەکیان لەبارە ئەنجام و دیدارەکانی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ عێراق نەخستۆتەڕو.




