جەماوەری بەشەڕەفی کوردستان
خەڵکی شۆڕشگێڕ و زەحمەتکێشی کوردستان
لەیادی ٣٢ ساڵەی ئازادکردنی شاری هەولێر دوای پیرۆزباییمان سەری ڕێز و وەفاداری دادەنوێنین بۆ گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بە تایبەت شەهیدانی ١١ی ئادار
سڵاو بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
سڵاو بۆ کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە دێرینەکان
٣٢ ساڵ بەر لە ئێستا دوای ئەوەی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باشوور ئازادکرا ئەو ڕۆژە نۆرە گەیشتە سەر شاری هەولێر ئەو کاتە زۆربەی زۆری دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس لە هەولێر بوو وەک بارەگای فەیلەقی پێنج مەنزوومەی باکووری بەعسییەکان و بە ناو مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی جگە لە دائیرەی ئەمنی هەولێر کە چەندین لقیان هەبوو لەناو شار و دەوروبەری بۆیە ئەو ڕۆژە هاوڵاتیانی شاری هەولێر بە تایبەت خەڵکی زەحمەتکێش و کەسانی شۆڕشگێڕ و بە بیروباوڕ بە هاوکاری و پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگەی حزبەکانی بەرەی کوردستانی توانرا لە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێر دەست بەسەر دام و دەزگاکانی بەعسییەکان بگیرێت و شاری هەولێر ئازاد بکەن.
یادی ڕاپەرین هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابووری کە بەرۆکی زۆربەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتووە دیارترینیان ئەو ناتەباییە و پەرتەوازەییەی هەیە لەنێوان (پارتی و یەکێتی) کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک هەروەها ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و دواخستنی بە بیانووی جیا جیا هەندەی تر پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان خستۆتە ژێر پرسیار دەرئەنجامی ئەو ناتەبایی و پەرتەوازەییە تادێت بارودۆخی خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە خراپ تر دەبێت خەڵک لە دوودڵی و نیگەرانی ژیان دەگوزەرێنێت و لەسەرەتاییترین مافی خۆی بێ بەشە خەڵکیش مافی خۆیەتی سزای گەندەڵکاران بدات خەڵک دەنگیداوە بۆ ئەوەی خزمەت بکرێت نەوەک مافەکانی پێشێڵ بکرێت،ئەرکی لایەنە سیاسیەکانیشە کە ڕۆڵی کارایان هەبێت و چیتر لە (پارتی و یەکێتی) قبوڵ نەکەن بە ئارەزوی خۆیان داهاتی ئەم میللەتە داماوە بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسانی نزیک لەخۆیان بەکاربهێنن،
بۆیە لەم یادە پڕ شکۆیە جەخت دەکەینە لەسەر
- گرینگیدان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک
- ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەرد دوور لە دەست وەردانی حزب.
- دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و لاوان بە تایبەت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
- یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بکرێ بە سوپایەکی نەتەوەیی نیشتمانی کە دوور بێ لە دەست وەردانی حزب.
- سزادانی گەندەڵکاران و مافیاکان ئەوانەی بازرگانی بە قووت و خوێنی میللەت دەکەن.
- رێگەگرتن لە کوشتنی ژن لە ژێر هەر ناوێک، سزادانی تاوانبارانی بکوژی ژن بە پێی یاسا.
- باش کردنی ژیانی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان
- فەراهەم کردنی دەربڕینی ڕای ئازاد بۆ گشت تاکێکی کۆمەڵگا و مۆڵەتدان بە هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکی هێمن و دیموکراسیانە.
- فەراهەم کردنی کاری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکاران و چالاکوانانی مەدەنی.
لقی هەولێری
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
10_3_2023