دیارە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەک هەر لە خزمەتی سەقامگیریی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسی نەبوو، بەڵكو لە ئاستی دەرەوەش بووە جێگەی پرسیار و نیگەرانی لێکەوتەوە، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، زامنی سەقامگیریی و گێڕانەوەی متمانەی خەڵک دەکات بە هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک پێشتریش رامانگەیاندبوو:
یەکەم : گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی چارەسەر نییە بۆ تەنگژەی سیاسی و حوکمڕانی لە کوردستان، بۆیە دابەشکردنی کوردستان بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەینەوە.
دووەم : جەخت لەسەر هەڵبژاردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان دەکەینەوە لەسەر بنەمای پیشەیی و بێلایەنی، نەک پێکهێنانەوەی کۆمیسیۆن بەپێی پشکی حزبی لە نێوان پێنج حزبدا.
سێیەم : سەبارەت بە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کوردستان لە رێگەی کۆتا لە پەرلەماندا، دەبێ بە رەچاوکردنی ویستی خۆیان و دەنگدانی خوددی خۆیانەوە دەستەبەری نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکرێ.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
12ی ئاداری 2023