با هەموومان هەڵەبجەیی بین


ئەمڕۆ 36 – مین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهیدە ،دیسان ساڵڕۆژی زامێکی قوڵە ، ئەو شارەی لەزۆربەی سەردەمەکاندا پێشەنگ بووە لەشارستانی و رۆشنبیری و ئەدەب و هونەرو فەرهەنگ و کلتورو شۆڕش دا … شارێک کەبوە قوربانی عەقڵیەتی شەرانگێزی رژێمی فاشستی گۆڕ بەگۆڕی بەعس و کۆماری کۆنەپارێزی ئێران ، کاتێک لەشەری نەخوازراوی عێراق ئێراندا سەدامی دڕندە لەدوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لەو جەنگە کاولکاریەی خۆی هەڵیگیرساندبوو بەبێ پاساو کەوتە کیمیابارانکردنی خەلکی سفیل و بێدەسەڵاتی ئەو شارە و لەماوەی چەند کاتژمێرکدا مەرگەساتی دروست کردو بەهەزارەها هاوڵاتی بەهۆی ژەهربارانکردنەوە مردن و خنکان و سوتان و بەهەزارەهای تریش بریندار بوون ، بەڵێ ئەو دڕندەیە دوای ئەوەی لەوە تێگەیشت کەگەلی کورد خۆی بەدەستەوە نادات بۆ خواستە داگیرکاری و چاوچنۆکیەکانی داخی دڵی خۆی بەو خەڵکە مەدەنیە رشت و ئەوەی بەفرسەت زانی کەلەشەرێکدایە بۆ بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی و وڵاتانی کەنداوو ساغ کردنەوەی چەک و جبەخانەی وڵاتانی بەرهەم هێنی چەک و شەرکردن گوایە لەگەڵ دوژمنێکی ئەوان ، لەبەرانبەریشدا کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی خۆیان لێ کەڕو لاڵ کردو لەهەموو لایەکەوە کار دەکرا بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی کارەستەکە .
لەکاتێکدا ڕۆئاواییەکان و سستمی سەرمایەداری جیهانی و هەڵگیسێنەرو هەڵسوڕێنەری جەنگەکان باش باش دەیانزانی کەحکومەتی عێراقی چ کارەساتێکی ئەنجام داوە و دەشیانزانی ئەو چەکە قەدەغە کراوانە لەکام وڵات و کام کارکە بەرهەمهێاراوە ، چۆن گەیشتۆتە عێراق و لەکوێ بەکار دەهێنرێت ، بەڵکو هەندێک لەبەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە زانیاریان لەسەر جەبهەکانی شەڕ بەهەردولا داوە لەیەک کاتدا چەکیان بەهەردولا فرۆشتوە و ئەوە بەرژەوەندیە بازرکانی و سەرمایەداریەکانیانە وایان لێدەکات بێدەنگ و کەڕو لاڵ بن.
لەگەڵ ئەوانەشدا و لەبەر گەورەیی کارەساتەکە نەتوانرا بەتەواوی بشاردرێتەوە ، هاوکات ئێرانیەکانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەک لەبەر چاوی رەشی کورد هەندێک لەو کارو کردەوانەیان بەدیکۆمێنت کرد بوو تا بەجیهان بڵێن ئەوە کارو کردەوەی بەعسیەکانە .
بەداخەوە لەداوای راپەڕینەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێباکانە لەگەڵ گەلەکەیان و بەتایبەتیش هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان مامەڵەیان کردوە ، ئەوەندەی سەرقاڵی شەڕی ناوخۆو پاوانخوازی و خۆدەوڵەمەند کردن و کڕینی وەلائەت و زیندوکرنەوەی عەشایەرو داڵدەدانی زۆرێک لەتاوانبارانی کیمیاباران کردن و ئەنفالدا بوون چارەکی ئەوە لەخەمی ئازارەکانی گەلەکەی خۆیان و کارەساتی هەڵەبجەدا نەبوون ، ئەوەی کردویانە شتی سادەو ساکارو روکەش بووە ، بەڵێنی بەپارێزگا کردنی هەڵەبجەو ساڵانە دەرکردنی بەیاننامەو یاد کردنەوە بووە بەبێ کردار ، دوای روخانی بەعس ،حکومەتی نوێی عێراقیش شتێکی ئەوتۆیان بۆ هەڵەبجە نەکردووە ، پەرلەمانتاران و کاربەدەستانی کوردیش لەبەغدا نەیانتوانیوە حکومەتی عێراق ناجار بکەن کە ئاوڕی جدی لەهەڵەبجە بدرێتەوە و بەتاوانی جەنگ و جینۆسایدی بناسێنن و دەوڵەت ناچار بکەن بەقەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتوان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارە ، بەڵێنەکانی بەغداش هاوشێوەی کوردستان بەڵێنی بێ کردارن ، لەمساڵدا حکومەتی بەغدا بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەی بڕیار لێدا ، حکومەتی هەرێمیش بەهەمان شێواز ، بەڵام چۆن پارێزگایەک ؟ ، پارێزکایەکی بێ بودجە ، پارێزگایەکی بێخزمەتکوزاری راستەقینە ، بێ کارەبا ، بێ ئاوڕدانەوە لەبێکاری گەنجان ، بێ نازهەڵگرتنی بەرکەوتوان و بریندارانی کیمیاوی ، بێ داوو دەرمان ، بێ گوێدان بەخانەیەکی سەرپەرشتان بۆ منداڵانی بەرکەوتەو بێ کەس و کار ماو کەهەموویان گەورە بوون بەبێ بەرپرسیارێتی جدی حکومەت ، شارێک هەتا ئەمڕۆش منداڵانی ونبوو وەدابڕاو لەیەکتری بۆ دۆزینەوەی کەس و کاریان نازانن رو لەکوێ بکەن و بونەتە گاڵتجاڕی سۆسیال میدیا و هەریەکەو بەجۆرێک وەڵامیان دەداتەوە …
ئەمساڵیش و لەم بۆنەیەدا دیسان هەزاران وتارو بەیاننامە دەردەکرێت و هەڵەبجە بەپارێزگا ناسێندرا ، بەڵام خەڵکی ئەمشارە لەبێمتمانەییان بەبەڵێنی بێکردار سەرقاڵی نارەزایەتین لەبەرانبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و شتانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ، هەموو ئەوانەش هەموومان دەخاتە بەردەم بەردەم بەرپرسیارێتی ئەوەی خۆمان بەهەڵەبجەیی بزانین و پشتیوانی داواکاریە رەواکانیان بکەین ، کاربکەین بو ئاوڕدانەوەی زیاتر ، بۆ ئاوەدانکردنەوە ، بۆ دۆزینەوەی هەلی کار ، بۆ ئەوەی بەغدا ئەم کارەساتە وەکو کۆمەڵکوژی بناسێنێت و بەرپرس بێت لەقەرەبوو کردنەوە ، عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و لەسەر ئاستی جیهان کردەوەکانی کیمیابارنکردن و ئەنفال بەجینۆساید بناسێنرێت ، زۆرێک لەتاوانبارانی هەڵاتوو یاخود داڵدە دراو بدرێنە دادگاو سزای خۆیان وەربگرن .. کار بکەین بۆ ئەوەی چی تر هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان هەست نەکەن تەنیان.
یان ئەوەتا دەبێت دەسەڵات بەجدی ئاوڕ لەهەڵەبجەییەکان بداتەوەو بەڵێنەکان بکرێنە کردار یان ئەوەتا ئەمساڵ لەهەڵبژاردنەکاندا هەڵەبجەییەکان قسەی راستەقینەی حۆیان بکەن و هەموو ئەوانە سزا بدەن کەبەڵێنی بێکرداریان پێ داون .

✍️بەختیار مستەفا

پەیوەندیدار