رۆژی ٢٠ی ئادار، لە نێو گەرمەی ئاهەنگەکانی نەورۆز، کەمال کلیجدار ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (GHP ) و کاندیدی بەرەی ئۆپزسیۆنی شەش قۆڵی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری سەردانی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)ی کرد، دوای دیداری لەگەڵ هاوسەرۆکانی (HDP)، کۆنگریەکی رۆژنامەنووسیان بەست، لەو کۆنگرە رۆژنامەنووسیە کلجدار ئۆغلۆ، لەسەر زۆر پرسی گرنگی تایبەت بە مافی کوردان لە باکوری کوردستان قسەیکرد، لە هەمووی گرنگتر ئۆغلۆ لەو قسانەیاد پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە پرسی کورد بوونی هەیە و دەبێت لە چوارچێوەی پەرلەمانی تورکیا ئەو پرسە چارەسەر بکرێت.
کلیجدارئۆغلۆ، سەردانەکەی قۆستەوە بۆ رەخنەگرتن لە ڕکابەرەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە دوو مانگی دیکە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان یەکێکیان پشتی ئەوەی دیکە لە ئەرز دەدات، پرسی بە دیموکراسی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، هەروەها دژایەتی سیاسەتی شەڕ کە ئەردۆغان پیادەی دەکات، ئەو ڕەخنانە بوون کە کلچدارئۆغلۆ ئاڕاستەی ئەردۆغان و هاوپەیمانیەتی کۆماری دەسەڵاتداری کرد.
شایانی باسە، قسەکانی سەرۆکی (GHP )ە، تەواو بەدڵی هاوسەرۆکانی (HDP)ە بوو، بە تایبەت کاتێک دژایەتی خۆی بۆ داخستنی پارتی سیاسی ڕاگەیاند، وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی (AKP) و هاوپەیمانەکەی (MHP) بۆ داخستی پارتی دیموکراتی گەلان.
ئاشکرایە کە دوو مانگی دیکە لە تورکیا هەڵبژاردنی پەرلەمان و هاوکات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت، بۆیە کۆمەڵگای تورکی بەسەر سێ بەرە دابەشبووە، دوو بەرەیان کە هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار و هاوپەیمانیەتی میللەت کە نوینەرایەتی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکەن، رکابەریان لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری توندە، بەرەی سێیەم کە بریتیە لە چەتری ( HDP) تا ئێستا سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری یەکلا نەبوونەتەوە، کە ئایا کاندیدیان دەبێت، یان پشتیوانی لە کاندیدی ئۆپزسیۆن کەمال کلیجدار ئۆغلۆ دەکەن؟
دەستپێشخەریەکەی کلیجدار ئۆغلۆ لە سەردانی بۆ لای هاوسەرۆکانی (HDP)ە، وە ئەو پەیامانەی سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئازادییەکان و دژایەتی بۆ شەڕ وەک تاکە رێگاچارەسەر بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دای، ئاماژەن سەبارەت بە مسۆگەرکردنی دەنگەکانی (HDP) لە قازانجی کاندیدەکەی ئۆپۆزسیۆن.
ئێستا هەردوو هاوپەیمانی (کۆمار و میللەت)، دڵنیان لەوەی کە (HDP) باشترین پارسەنگە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بە تایبەت هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، ئەوان دەزانن کە دەنگی (HDP) بوو دوو شارەوانی گەورەی ئەنقەڕە و ئەستەنبۆڵی لە دەست ( AKP )ە دەرهێنا، کە ئێستا هەریەک لە (ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ) سەرۆک شارەوانی ئەستەنبۆل و (مەنسوڕ یافاش) دوو کەسایەتی گرنگی نێو ئۆپزسیۆنی تورکیان.
لێردا مەبەستمان بڵێین کەمال کلیجدار ئۆغلۆ بە هەڵوێستی جوان دەرکەوت، بەڵام گرنگ لەوە دایە ئەو قسانەی بکات بە کردار، بە تایبەت ئەگەر توانی بگاتە کورسی سەرۆکۆماری لە تورکیا.
ئێستا لەوانەیە بەشێک لە خوێنەران پێیان وابێت نابێت (HDP) متمانە بەو قسانەی کلیجدارئۆغلۆ بکات، ئەو قسانە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن، بەڵام (HDP) لە بەردەم دووڕیانێک دایە دەبێت یەکیان هەڵبژێرێت.
یەکەمیان ئەوەیە کە خۆیان کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی هەبێت وەک چۆن لە هەڵبژاردنی 2014, (سەلاحەدین دەمیرتاش) ڕکابەری (رەجەب تەیب ئەردۆغان)ی کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، یان ئەوەتە دەبێت پشتیوانی یەکێک لە کاندیدەکانی دیکە بکەن لە لیستەکانی (کۆمار یان میللەت).
بژاردەی یەکەم تاقیکراوەتەوە ئەمجارەیان (HDP) نایەوێت دەنگەکان پەرت بکات، هەروەها سیاسەتی دووژمنکارانەی بەرەی کۆمار بە تایبەت هەژموونی (MHP) شۆڤینی بەسەر رەسمی سیاسەتی ئەو بەرەیە وایکردووە کە (HDP) بەلای کاندیدی ئۆپزسیۆن دابکەوێت و بیر لە پشتیوانی ئەردۆغان نەکاتەوە.
دوا جار دەڵێین، دەبێت لایەنەکانی ئۆپزسیۆن چاو لە ئەردۆغان نەکەن، جونکە ئەویش لە ساڵانی ڕابردوو بەڵێنی زۆریدا، بەڵام هەر زوو لە بەڵێنەکان پاشگەز بوویەوە، بە تایبەت کاتێک کەسانی ئاقڵمەند لە پارتەکەی دوورکەوتنەوە. بۆیە ئەگەر کلیجدار ئۆغلۆ قسەکانی بکاتە کردار ئەو تورکیا لە گەورەترین قەیران رزگاری دەبێت، کە بە هۆی چارەسەرنەکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد تێیکەوتووە.
هیوا سەید سەلیم




